رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رایدەگەیێنێت، حیزبەکەی لە جەنگێکی بەرگری دایە بۆ پاراستنی لوبنان و دەڵێت: "دڵنیاین و متمانەمان بەوە هەیە کە هەرچەند قوربانییەکان زۆر بن، ئێمە نابەزین."
رۆژی چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، پڕۆژەیەکی مەترسیداری ئەمریکی - ئیسرائیلی هەیە بەناوی "ئیسرائیلی گەورە" کە ئامانجەکەی داگیرکاری و فراوانخوازییە لە فوراتەوە تا نیل و لوبنانیش دەگرێتەوە. راشیگەیاند، ئیسرائیل پابەندی رێککەوتنی 27ی تشرینی دووەمی 2024 نەبووە و لە ماوەی 15 مانگی رابردوودا بەردەوام بووە لە هێرشەکانی.
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا روونیکردەوە کە ئەوان لەبەردەم دوو بژاردەدا بوون؛ یان خۆبەدەستەوەدان و دەستبەرداربوون لە خاک و کەرامەت، یان رووبەڕووبوونەوەی حەتمی.
گوتیشی: "بەرگری کاتێکی گونجاوی بۆ وەڵامدانەوە هەڵبژارد تاوەکو دەرفەتی سوپرایزکردن لە ئیسرائیل بگرێت و رێگری بکات لەوەی لوبنان بە تەنیا جێبهێڵدرێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نەعیم قاسم وەسفی جەنگاوەرانی حیزبەکەی کرد و گوتی: "گەنجانی موجاهید داستانێکی گەورەی قارەمانێتییان تۆمار کردووە و ئەوان هێمای نیشتمانپەروەرین."
سەبارەت بە چەکی حیزبوڵڵا، نەعیم قاسم رایگەیاند کە داواکردنی داماڵینی چەک لەژێر گوشار و هێرشدا، هەنگاوێکە بەرەو لەنێوچوونی لوبنان و بەدیهاتنی خەونی ئیسرائیلی گەورە. جەختیشی کردەوە کە گفتوگۆ لەژێر ئاگردا بە واتای سەپاندنی خۆبەدەستەوەدان دێت و ئەوان ئەوە رەتدەکەنەوە.
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا داوای "یەکڕیزی نیشتمانی" کرد دژی ئیسرائیل و ئەمریکا و داوای لە حکومەتی لوبنان کرد ئەو بڕیارانەی کە کاری بەرگری بە تاوان دەناسێنن، هەڵبوەشێنێتەوە، گوتیشی: "ئیسرائیل لە رووبەڕووبوونەوەی جەنگاوەران ترسنۆکە و تەنیا خەریکی کوشتنی خەڵکی سڤیل و وێرانکردنی باڵەخانەکانە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، نەعیم قاسم ئاماژەی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و رایگەیاند، خۆڕاگریی ئێران بەرامبەر دەستدرێژییە جیهانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل "وانەیەکی گەورەیە" و دڵنیایی دا کە ئێران لەو ململانێیەدا سەرکەوتوو دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ