رووداو دیجیتاڵ
سندوقی قەرەبووکردنەوەی وڵاتانی هەژار، کە بۆ بواری گۆڕانی کەشوهەوا بەکاردەهێنرێت، لە کۆنفرانسی کۆپ 28 راگەیێندرا.
سوڵتان جابر، سەرۆکی کۆنفرانسی کۆپ 28 دەڵێت، "تاوەکو بەبێ هیچ دواکەوتنێک ئەجێندای کۆنفرانسەکە پەسند بکرێت؛ ئێمە لێرە پەسندکردنی سندوقی قەرەبووکردنی وڵاتە هەژارەکان رادەگەیێنین؛ ئەمە دەستکەوتێکی گەورەی مێژووییە کە لەم کۆنفرانسەدا تۆمار دەکرێت".
سندوقی قەرەبووکردنەوەی وڵاتە هەژارەکان بریتییە لە پارەیەک کە وڵاتانی دەوڵەمەند دەیدەنە وڵاتە هەژارەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەرهاویشتە و زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
هەر لە کاژێرەکانی سەرەتای راگەیاندنی سندوقەکە، سەرووی 420 ملیۆن دۆلار کۆکرایەوە، لەنێویاندا، ئیمارات 100 ملیۆن دۆلار، ئەڵمانیا 100 ملیۆن دۆلار، بەریتانیا 76 ملیۆن دۆلار، ئەمریکا 17.5 ملیۆن و ژاپۆن 10 ملیۆن دۆلار.
لەنێوان ساڵانی 2000 تاوەکو 2020، نزیکەی 55 لە هەژارترین وڵاتانی جیهان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە زیاتر لە 500 ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە؛ وەک پیسبوونی ژینگە، لەنێوچوونی سەرچاوە ئاوییەکان؛ وێرانبوونی رووبەرە کشتوکاڵییەکان، ئاوارەبوونی خەڵک، قەیرانی خۆراک و تێکچوونی ژینگەی ئاژەڵان و سەتان کێشە و گرفتی دیکە.
لە پاکستان کە یەکێكە لە وڵاتە هەژارەکان، باشتر لە کێشەکانی کەشوهەوا تێدەگەن. لەو دەریایانەی پڕن لە پلاستیک و عەلاگە؛ کیسەڵەکان کێشەی دۆزینەوەی ژینگەی پاکیان هەیە بۆ دانانی هێلکەکانیان.
ئەشفەق مەموون، چالاکڤانی ژینگە دەڵێت، "کیسەڵەکان زیندەوەرێکی گرنگی ئەم ژینگەیەن و لەنێوچوونیان هەڕەشە لە باڵانسی ژینگەیی دەکات. کەنار دەریا، رووبار و باخچەکان لە پاکستان بە پلاستیک و پاشماوە جۆراوجۆرەکان پیس کراون؛ ئێمە یەکێکین لە وڵاتانەی جیهان کە گۆڕانی کەشوهەوا زۆرترین زیانی پێگەیاندووین".
هەروەها لە یەکەم رۆژی کۆپ 28دا گفتوگۆیەکی جیدی کراوە کرا بۆ بەرە بەرە دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی سووتەمەنییە بەردینەکان و کەمکردنەوەی پلەی گەرمی زەوی.
ئەنتۆنیۆ گوتەرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کرد، "گۆڕانکارییەکان زۆر بە خێرایی روودەدەن؛ ساڵی 2023 لە مێژووی مرۆڤایەتیدا گەرمترین ساڵ بووە. ئێمە لە داڕمانی کەشوهەوادا دەژین و پێویستە بەخێرایی هەنگاو بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان بنێین، پێشوازی لە گفتوگۆکانی کەمکردنەوەی پلە بە پلەی سووتەمەنییە بەردینەکان دەکەین کە لە کۆپ 28دا دەکرێن".
لە 28مین لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوای ئیمارات؛ چاوەڕێ دەکرێت بۆ یەکەمجار "هەڵسەنگاندنی گشتی" بۆ بارودۆخی ژینگە و کەشوهەوای زەوی بکرێت کە زۆربەی شارەزایان رەشبینانە تەماشای دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ