رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماس رایدەگەیێنێت، هەر پرۆسەیەکی سیاسی بۆ داهاتووی غەززە دەبێت بە راگرتنی تەواوەتی هێرشەکانی ئیسرائیل و هەڵگرتنی گەمارۆکان دەستپێبکات؛ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ یەکەم کۆبوونەوەی "ئەنجوومەنی ئاشتی"ی ترەمپ کە تێیدا چەند وڵاتێک بەڵێنی ملیاران دۆلاریان بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکە دا.
دوای کۆبوونەوەی "ئەنجوومەنی ئاشتی" کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە سەرپەرشتی دەکرێت، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا هەڵوێستی خۆی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "هەر رێککەوتنێک سەبارەت بە کەرتی غەززە و داهاتووی گەلی فەلەستین، دەبێت بە راگرتنی تەواوەتی دەستدرێژییەکان، هەڵگرتنی گەمارۆ و گەرەنتیکردنی مافە نیشتمانییەکان دەستپێبکات، کە لە سەرووی هەموویانەوە مافی بڕیاردانە لە چارەنووس."
رۆژی پێنجشەممە، ئەنجوومەنەکەی ترەمپ یەکەمین دانیشتنی خۆی لە واشنتن ئەنجامدا. دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، چەند وڵاتێک کە زۆربەیان لە وڵاتانی کەنداون، بەڵێنی زیاتر لە حەوت ملیار دۆلاریان بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە داوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد پێنج وڵات (مەغریب، کازاخستان، کۆسۆڤۆ و ئەلبانیا) پابەندبوونی خۆیان بۆ ناردنی سەرباز وەک هێزی ئاشتیپارێز دەربڕیوە.
لەلایەکی دیکەوە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە جیدعۆن ساعری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ناردبووە کۆبوونەوەکەی واشنتن، سووربوونی خۆی لەسەر داماڵینی چەکی حەماس نیشاندا و گوتی: "لەگەڵ ئەمریکای هاوپەیمانمان رێککەوتووین کە هیچ ئاوەدانکردنەوەیەک لە غەززەدا نابێت پێش داماڵینی غەززە لە چەک."
سەبارەت بە پێکهاتەی هێزە نێودەوڵەتییەکەش، مەیجر جەنەراڵ جاسپەر جیفرز، فەرماندەی ئەمریکی ئاشکرای کرد کە ئەندۆنیزیا پۆستی جێگری فەرماندەی هێزە نێودەوڵەتییە نوێیەکە وەردەگرێت کە ئەرکی جێگیرکردنی ئاشتی دەبێت لە کەرتەکەدا.
ئەم جموجوڵە دیپلۆماسییانە دوای ئەوە دێن کە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پلانی دۆناڵد ترەمپی بۆ چارەسەری پرسی غەززە پەسند کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ