رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی هۆشداریی تووند دەداتە کۆماری ئیسلامیی ئێران و رایدەگەیێنێت، بۆ تاران "کارێکی ژیرانە دەبێت" ئەگەر لەگەڵ واشنتن بگاتە رێککەوتن. هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە ئاماژەی بە ئەگەری دەستپێکردنی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئەو وڵاتە کرد.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "بۆ ئێران زۆر ژیرانە دەبێت رێککەوتن لەگەڵ سەرۆک ترەمپ و ئیدارەکەی واژۆ بکات."
هاوکات دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری خۆی لە رووس سۆشیاڵ جارێکی دیکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر تاران نەیەتە سەر مێزی گفتوگۆ، بژارەی سەربازی لە ئارادایە.
ترەمپ لە پەیامێکدا هۆشداریی دایە بەریتانیا سەبارەت بە دەستبەرداربوون لە سەروەریی دوورگەکانی (چاگۆس) لە ئۆقیانووسی هیند و گوتی، بنکەی ئاسمانیی (دیێگۆ گارسیا) لەو ناوچەیەدا پێویستە "بۆ لەناوبردنی هەر هێرشێکی ئەگەری لەلایەن رژێمێکی ناجێگیر و مەترسیدارەوە [ئێران]، ئەگەر نەیەنە ژێر باری رێککەوتن."
ئەم لێدوانەی تڕەمپ دوای ئەوە دێت کە حکومەتی بەریتانیا رێککەوتووە لەسەر گێڕانەوەی دوورگەکانی "چاگۆس" بۆ مۆریس، بەو مەرجەی بنکە سەربازییە هاوبەشەکەی ئەمریکا و بەریتانیا لە "دیێگۆ گارسیا" بۆ ماوەی سەدەیەک بە کرێ لای بەریتانیا بمێنێتەوە.
هاوکات میدیاکانی ئەمریکا رایدەگەیێنن، سوپای ئەمریکا ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە و ئەگەری هەیە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا هێرشەکان دەستپێبکەن، هەرچەندە ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە.
رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە ئاشکرای کردووە، ترەمپ چەندین بژاردەی سەربازیی خراوەتە بەردەست کە ئامانجیان "گەیاندنی زۆرترین زیانە"، لەوانەش کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی ئێران بە ئامانجی رووخاندنی حکومەت.
هەڵوێستی تاران: شەڕمان ناوێت
لە بەرامبەردا، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند: "ئێمە شەڕمان ناوێت، بەڵام ئەگەر بیانەوێت ئیرادەی خۆیانمان بەسەردا بسەپێنن و سووکایەتیمان پێ بکەن، ئایا دەبێت قبووڵی بکەین؟"
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، تاران سەرقاڵی داڕشتنی "چوارچێوەیەک گشتگیرە" بۆ گفتوگۆکانی داهاتوو لەگەڵ واشنتن. عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد لەگەڵ ئەمریکا لەسەر "بنەما سەرەکییەکان" گەیشتوونەتە جۆرە لێکتێگەیشتنێک، بەڵام جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت "ئێران هێشتا دانی بە هێڵە سوورەکانی واشنتندا نەناوە."
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە پاریس رایگەیاند، واشنتن رێگری لە ئێران دەکات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی "بە هەر رێگەیەک بێت". ئەمە لە کاتێکدایە تاران هاوئاهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کەمکردووەتەوە و رێگریی لە پشکنەرەکان کردووە سەردانی ئەو شوێنانە بکەن، کە لە مانگی حوزەیرانی رابردوو لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە بۆردوومان کران.
لەکاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوامن، سوپای ئەمریکا فڕۆکەهەڵگری (USS Abraham Lincoln)ی لە دووریی 700 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ئێران جێگیر کردووە و فڕۆکەهەڵگرێکی دیکەش بەرەو ناوچەکە بەڕێوەیە.
لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران مانۆڕێکی سەربازیی بەرفراوانی لە گەرووی هورمز دەستپێکردووە و هەڕەشەی داخستنی ئەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەی جیهان دەکات کە بەشێکی زۆری نەوت و گازی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ