ئیسرائیل 60 رۆژ مۆڵەت دەداتە حەماس بۆ چەکدادان؛ 'ئەرکەکەمان تەواو دەکەین'

38 خولەک له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئیسرائیل مۆڵەتی 60 رۆژ دەداتە بزووتنەوەی حەماس بۆ ئەوەی بە تەواوی چەک دابنێت، ئەگەرنا سوپای ئەو وڵاتە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە دەستپێدەکاتەوە و "ئەرکەکەی تەواو دەکات."
 
رۆژی دووشەممە، یۆسی فوکس، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیل بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، ئەم مۆڵەتە ئەگەری هەیە لە رۆژی پێنجشەممەوە دەستپێبکات، کە هاوکاتە لەگەڵ یەکەم کۆبوونەوەی "بۆردی ئاشتی" لە واشنتن.
 
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە یەکەم کۆبوونەوەی فەرمیی ئەندامانی بۆردەکە، کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە دەستنیشانکراون، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی لانیکەم 20 وڵات لە واشنتن بەڕێوەبچێت. دامەزراندنی ئەم بۆردە بە بڕیارنامەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسند کراوە و بەشێکە لە پلانی ئیدارەی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە، کە داوای داماڵینی چەکی حەماس دەکات.
 
یۆسی فوکس لە قودس-ئۆرشەلیم ئاشکرای کرد کە ئیدارەی ئەمریکا داوای ئەم وادەی 60 رۆژەیەی کردووە و ئەوانیش رێز لەو داوایە دەگرن. گوتیشی: "لەو ماوەیەدا حەماس دەبێت دەستبەرداری هەموو چەکەکانی بێت. ئێمە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین؛ ئەگەر سەرکەوتوو بوو زۆر باشە، ئەگەرنا سوپای ئیسرائیل ناچار دەبێت ئەرکەکە تەواو بکات."
 
ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە ئەم پرسە پێش هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ یەکلایی بکرێتەوە. راشیگەیاند، وەک بەشێک لە پڕۆسەکە، پێویستە چەندین تونێلی حەماس تێکبدرێن.
 
ئەم مۆڵەتە لە کاتێکدایە، هەرچەندە ئیسرائیل و حەماس لە 10ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە لەسەر ئاگربەست رێککەوتوون، بەڵام هەردوولا یەکدی بە پێشێلکاری تۆمەتبار دەکەن.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، لە کاتی دەستپێکردنی ئاگربەستەکەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 600 فەلەستینی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون. لە بەرامبەردا ئیسرائیل دەڵێت لەو ماوەیەدا چوار سەربازیان لەلایەن چەکدارە فەلەستینییەکانەوە کوژراون.
 
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، وڵاتانی ئەندام لە بۆردی ئاشتی بەڵێنی زیاتر لە پێنج ملیار دۆلاریان بۆ هاوکاریی مرۆیی و ئاوەدانکردنەوەی غەززە داوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەندامانی بۆردەکە بەڵێنی "هەزاران کارمەند"یان داوە بۆ پێکهێنانی هێزێکی سەقامگیری بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی غەززە.
 
لە کاتێکدا وڵاتانی وەک تورکیا، میسر، سعوودیە، قەتەر و ئیسرائیل لەگەڵ ئیندۆنیزیا چوونەتە نێو بۆردەکە، بەڵام زلهێزە جیهانییەکان و هاوپەیمانە تەقلیدییەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوا بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە دەکەن.
 
جەنگی غەززە کە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە دەستیپێکرد، تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 72 هەزار فەلەستینی و هەزار و 200 ئیسرائیلی، ئەمە جگە لە وێرانکارییەکی گەورە لە سەرجەم کەرتەکانی کەرتی غەززەدا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک عومرەکار لە دەروازەی سنووریی عەرعەر. وێنە: بۆ روونکردنەوەی زیاتری هەواڵەکەیە/ئەرشیڤ

سعودیە بردنی خۆراک و تەباخ بۆ عومرە قەدەخە دەکات

دەسەڵاتدارانی سعودیە رێوشوێنی تووندیان لە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان گرتووەتەبەر بۆ رێگری لە بردنی بڕێکی زۆر خۆراک و ئامێری چێشتلێنان لەلایەن عومرەکارانەوە. دەستەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانیش هۆکارەکەی بۆ پاراستنی سەلامەتیی عومرەکاران دەگەڕێنێتەوە