رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، هێرشەکەی سەر سووریا و عێراق پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت، "85 شوێن لەلایەن هێزەکانمان لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج و 125 مووشەک تەقێندراون. هێرشەکان بۆ سەر چەند ناوچە و دامەزراوەیەکی گرنگی گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە."
بەرەبەیانی شەممە، 3-2-2024، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم بڵاویکردەوە، "کاژێر 12:00ـی شەو (بەکاتی هەولێر) هێزەکانمان چەند هێرشێکیان لە عێراق و سووریا کردە سەر سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە میلیشیاکان."
سێنتکۆم هەروەها دەڵێت، "85 شوێن لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج و چەند فڕۆکەیەکیش لە ئەمریکاوە فڕیون و 125 مووشەکیان تەقاندووە و هێرشەکان لە رێگەی ژمارەیەک فڕۆکەی بۆمبهاوێژی دوورمەوداوە کراون."
لەبارەی ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، سێنتکۆم رایگەیاند "ناوەندەکانی فەرمان و کۆنترۆڵی ئۆپەراسیۆنەکان، ناوەندەکانی هەواڵگری، کۆگەکانی رۆکێت، مووشەک و درۆن و دامەزراوەکانی تایبەت بە لۆجیستیی گرووپە میلیشیاکان و ئەوانەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانن کە پیلانیان بۆ هێرشەکانی دژی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان داڕشتبوو."
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا باس لەوە دەکەن کە هێرشکراوەتە سەر 8 ناوچە و 6 کەس کوژراون، سێ لەو کوژراوانە سووریایی نین.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "ئەم هێرشە ئاسمانییانەی سەرەتا، هەڵمەتێکی درێژمەودان بۆ بەئامانجگرتنی هێزە بەوەکالەتەکانی ئێران لە عێراق و سووریا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ