یاریدەدەری وەزیری ئابووریی ئێران: 5٪ـی هەناردەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان دەڕوات

02-06-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی ئێران و یاریدەدەری وەزیری ئابووریی ئێران رایگەیاند، 5٪ـی هەناردەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان دەڕوات. ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، هەناردەی ئێران بۆ عێراق 10 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 1-6-2023 محەممەد رەزوانی فەڕ، یاریدەدەری وەزیری ئابووریی ئێران، کە هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی ئێرانیشە، بە ئاژانسی فەرمیی ئێرانی راگەیاند: "19٪ـی کەلوپەلی هەناردەکراوی ئێران بۆ عێراق دەڕوات و هەرێمی کوردستانیش 5٪ـی ئەو هەناردانەی بۆ دەڕوات کە ئاستێکی گرنگ و تێبینیکراوە."
 
قسەکانی ئەو بەرپرسە ئێرانییە لەکۆبوونەوەی پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە پارێزگارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و وەزیری ناوخۆی ئێران و بەڕێوەبەری گشتی گومرکی ئێران لە یەکەمین کۆبوونەوەی پارێزگا سنوورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە ورمێ هات. 
 
کۆبوونەوەکە، کە ئامانج لێی گەشەپێدانی هاوئاهەنگیی ئابووریی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانە، باسی گومرکەکان و رێوشوێنەکانی نێوان هەردوولا لە دەروازە سنوورییەکانی تێدا کراوە.
 
یاریدەدەری وەزیری ئابووریی ئێران پێشبینی کرد ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیانەوە ببینن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 1-6-2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانییدا لەگەڵ محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ، لەبارەی پەرەپێدانی بازرگانی لەگەڵ ئێران رایگەیاند: "ساڵی پار بۆ یەکەمجار نزیکەی 80 هەزار کەس لە سەردانیکارانی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق لە رێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە لە ئێرانەوە سەردانی عێراقیان کرد، هەڵسەنگاندنمان بۆ ئەو بابەتەکرد و پێشبینی دەکەین ئەمساڵ نزیکەی 500 هەزار سەردانیکار لەو رێگەیەوە سەردانی عێراق بکەن."
 
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "خاڵێکی دیکە ئامادەکاریی هەردوولامانی تێدا نیشاندرا، کردنەوەی دوو دەروازەی سنوورییە لەنێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان کە هەردوو دەروازەی قاسمەڕەش و سیدەکانن، ئێمە وەکو پارێزگای هەولێر و هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ کردنەوەیان و جەختمان لەوە کردەوە بەزووترین کات بکرێنەوە."
 
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا ژمارەیەک بابەتی دیکەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کردووە، لەوانە بازاڕگەی هاوبەش، ئاسانکاری و رەخساندنی دەرفەتی کار و ترانزێت، گوتیشی: "لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا هەردوو پارێزگار کۆبوونەوەی دیکە دەکەین و لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیەدا لەمپەرەکان چارەسەر دەکرێن و رێککەوتنەکانمان دەوڵەمەندتر دەکرێن."
 
جگە لە دەروازە نافەرمی و نیمچە فەرمییەکان، هەرێمی کوردستان چوار دەروازەی فەرمی هەیە؛ سێ دەروازەی لەگەڵ ئێرانن کە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان دەکەونە سنووری پارێزگای سلێمانی و حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێرە، هەروەها دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە پارێزگای دهۆک تەنیا دەروازەی وشکانیی فەرمیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقە لەگەڵ تورکیا.
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە