رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور دەڵێت، زیاتر لە 20 هەزار بریندار لەنێو کەرتی غەززەدا گیریان خواردووە و داوای بەهاناوەچوونیان دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە،2ـی تشرینی دووەمی 2023، رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور ژمارەی ئەو بریندارانەی لەنێو کەرتی غەززە گیریان خواردووە، بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە بە زووترین کات ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا رابگەیێندرێت تاوەکو پێداویستیی زیاتری پزیشکی رەوانەی غەززە بکرێت.
پزیشکانی بێسنوور رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی خێرخوازییە، لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوو لە فەرەنسا دامەزراوە، لەو ناوچانەی شەڕ، ململانێ و ئاژاوەیان تێدایە، چالاکی هەیە.
بەگوێرەی بەرپرسانی میسر، رۆژی چوارشەممە، (01-11-2023)، 235 کەسی هاووڵاتیی غەززە کە خاوەن پاسپۆرتی وڵاتانی دیکە بوون، لەگەڵ 76 برینداری سەخت لە رێگەی دەروازەی رەفاوە گواستراونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان، بەڵام پزیشکانی بێسنوور ئەو ژمارەیە بە "کەم" دەزانن و دۆخەکە بە "مەترسیدار" نێودەبات.
27 رۆژە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە، ئەمڕۆ فەرماندەیەکی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سەربازەکانیان لە چوار لاوە چوونەتە نێو کەرتی غەززەوە، هەرچەندە سوپای ئیسرائیل بە فەرمی دەستپێکردنی هێرشی زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە رانەگەیاندووە.
لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل، چەکدارانی حەماس لە رێگەی هێرشی درۆنییەوە سەربازانی ئەو وڵاتەیان لەنێو کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج و لە رۆژی هەینیی رابردووەوە، 17 سەربازی ئیسرائیلی کوژراون.
بەگوێرەی لێدوانەکانی بەرپرسانی حەماس، لە 7ـی مانگی رابردووەوە کە هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا هەشت هەزار و 700 فەلەستینی کوژراون، لە بەرامبەردا، ئیسرائیل دەڵێت، 1400 کەسیان لێ کوژراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ