رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، کە هەندێک کاری دیپلۆماسییش لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بەڕێوەدەبات
رووداو دیجیتاڵ
نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و لوبنان، رەخنەی تووندی لە کاربەدەستان و بەرپرسانی لوبنان گرت و چەند جارێک وڵاتەکەی بە "دەوڵەتێکی شکستخواردوو" ناوبرد و سەرکردەکانیشی بە "داینەسۆر" وەسف کرد. هۆشداریشی دا لەوەی رەنگە ئەوان نەتوانن گوێڕایەڵی داواکاریی سەرەکیی ئەمریکا بن، ئەویش چەکداماڵینی حیزبوڵڵایە.
رۆژی شەممە 01-11-2025 تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، کە هەندێک کاری دیپلۆماسییش لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بەڕێوەدەبات، لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی دیالۆگی مەنامەی پایتەختی بەحرێن، داوای لە هەریەک لە لوبنان و سووریا کرد لەگەڵ ئیسرائیل رێککەوتن بکەن.
باراک لە سەرەتادا، لەبارەی لوبنانەوە قسەی کرد و رایگەیاند، "لوبنان وڵاتێکی شکستخواردووە. تۆ 40 ساڵە ئاژاوە و جەنگت هەبووە. چوار حکومەتی شکستخواردووتان هەبووە. لەو ماوەیەدا 6 جەنگت هەبووە کە هەموو کەسێک بیری ماوە، بۆیە دڵنیانیم دەوڵەت چییە."
هەروەها باراک دەڵێت، "دەوڵەت حیزبوڵڵایە. تۆ بڕۆ باشوور. حیزبوڵڵا ئاوت دەداتێ، پەروەردەت پێ دەبەخشێت، مووچەت دەداتێ، زیاتر لە 40 هەزار چەکداری هەیە. سوپای لوبنان 60 هەزار سەربازی هەیە. کێشە گەورەکە ئەوەیە کە چەکدارانی حیزبوڵڵا مانگانە 2200 دۆلار وەردەگرن. سەربازانی سوپای لوبنانیش مانگانە تەنیا 275 دۆلار وەردەگرن."
ئەو بەرپرسەی ئەمریکا نەیشاردەوە کە هێشتا حیزبوڵڵا نزیکەی 15 بۆ 20 هەزار مووشەکی هەڵگرتووە و هەڕەشەی لە ئیسرائیل پێدەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا واشنتن گوشاری خستووەتە سەر حکومەتی لوبنان بۆ چەکداماڵینی حیزبوڵڵا و "حکومەتیش پابەند بووە بەو کارە، بەڵام ئامانجەکە واقیعی نییە."
نێردە تایبەتەکەی ئەمریکا گوتیشی، "بە بۆچوونی ئێمە، بیرۆکەی چەکداماڵینی حیزبوڵڵا گونجاو نییە، گونجاو نییە بە لوبنان بڵێین بەزۆر یەکێک لە پارتە سیاسیەکانتان چەک بکەن. هەمووان تاوەکو مردن لە جەنگی ناوخۆ دەترسن. بیرۆکەکە ئەوەیە کە چی بکەیت بۆئەوەی حیزبوڵڵا ئەو مووشەکانە بەکارنەهێنێت؟"
باراک دووپاتیکردەوە، باشترین رێگە بۆ لوبنان دەستپێکردنی دیالۆگە لەگەڵ ئیسرائیل، بەهیوای واژۆکردنی رێککەوتنێکی دیپلۆماسی. گوتیشی، "کاتی ئەوە هاتووە پەیوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ ئیسرائیل فراوان بکرێن، ئەمەش بەهۆی چەند هۆکارێکەوە، لەوانەش ئاگربەست لە غەززە و رووخانی بەشار ئەسەدی دیکتاتۆری سووریا لە ساڵی رابردوودا."
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، تۆم باراک پەیامێکی بۆ ئیسرائیل هەبوو، ئەو رایگەیاند، ئیسرائیل "قەرزداری ئەمریکایە"، چونکە ئەمریکا بەشداریی هێرشەکەی ئیسرائیلی کرد بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
باراک گوتی، "ئیسرائیلێکمان هەیە ئامادەیە رێککەوتن لەگەڵ هەموو دراوسێکانی بکات و قەرزداری ئەمریکاشە، بەڵام لە لوبنان ناتوانیت وشەی ئیسرائیلش بڵێیت، گفتوگۆکردن لەگەڵ ئیسرائیل بە کارێکی نایاسایی دەبیندرێت. ئایا ئێمە لە چ سەردەمێکدا دەژین؟"
گوتیشی، "سەرکردایەتیی لوبنانی ئەمڕۆ بەهێزە. سەرۆک عەون، نەواف سەلام، تەنانەت سەرۆکی پەرلەمان نەبیح بەری. ئەوان هەوڵ دەدەن، بەڵام ئەوان داینەسۆرن. تۆ دەتوانیت گفتوگۆ لەسەر هێڵی شین لە سنووری لوبنان و ئیسرائیلە بکەیت، تۆ دەتوانیت گفتوگۆ لەگەڵ سووریا بکەیت و لە ماوەی چوار مانگدا دەتوانیت کۆتایی بە هەموو ئەمانە بهێنیت."
ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت ئەو مۆدێلەی لوبنان پەیڕەوی بکات، رێککەوتنی ئابراهام بێت، ئەو رێککەوتنەی لە ساڵی 2020 لەنێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی عەرەبی واژۆ کرا.
گوتیشی، "روونە کە ئیسرائیل ئێستا بووەتە هاوپەیمانێکی باڵادەست کە لە گۆڕینی یارییە شەترەنجییەکەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا روودەدات. بۆیە پێموایە رێککەوتنی ئابراهام، بەلایەنی کەمەوە بۆئەوەی لەبەردەمماندایە، وادیارە ئەو رێگەیە بێت، هەمووان پێویستە لەسەری بڕۆن."
شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حیزبوڵڵا لە 8ی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکرد، کاتێک گرووپە لوبنانییەکە دەستیکرد بە هێرشی مووشەکی بۆسەر ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل. شەڕ و هێرشی هەردوولا بەردەوام بوو تاوەکو تشرینی دووەمی 2024، کاتێک ئاگربەست راگەیێندرا.
لەو کاتەشەوە سوپای لوبنان پلانی بۆ چەکداماڵین و لەنێوبردنی کۆگەکانی حیزبوڵڵا داڕشتووە، بەڵام حیزبوڵڵا بەڵێنی داوە چەک دانەنێت. لە هەمان کاتدا سوپای ئیسرائیل هێزەکانی لە 5 خاڵی سنووریی لوبنان جێگیر کردووە و بەردەوام هێرش دەکاتە سەر هەوڵەکانی حیزبوڵڵا بۆ خۆڕێکخستنەوەی لەو ناوچەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ