رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ چوونە ناو 29یەمین رۆژی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، چوار وڵاتی کەنداو رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی بوونەوە و لە بەحرێن ئاگر لە دامەزراوەیەک کەوتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاویکردەوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی توانیویانە ئاگرێک لە یەکێک لە دامەزراوەکان کۆنترۆڵ بکەن کە بەهۆی "دەستدرێژییەکانی ئێرانەوە" کەوتبووەوە.
لە بەرەبەیانی رۆژی شەممەوە، زەنگی ئاگادارکردنەوە سێ جار لە سەرانسەری ئەو وڵاتە لێدراوە و داوا لە هاووڵاتییان کراوە بچنە شوێنە ئارامەکان.
لە کوێت؛ جەدەعان فازڵ، گوتەبێژی پاسەوانی نیشتمانی رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا توانیویانە شەش درۆن لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات بخەنە خوارەوە.
هاوکات وەزارەتی بەرگریی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، مووشەکێکی بالیستییان تێکشکاندووە کە ئاراستەی ریازی پایتەخت کرابوو.
لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و فڕۆکە جەنگییەکان بەرپەرچی هێرشی مووشەکی و درۆنییان داوەتەوە کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون. راگەیێندراوەکە دەڵێت ئەو دەنگانەی لە ناوچە جیاجیاکانی ئیمارات بیستراون، دەنگی تێکشکاندنی مووشەک و درۆنەکان بووە لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەک و ئێران لەلایەکی دیکە، لە 28ی شوباتەوە دەستیپێکردووە و بووەتە هۆی کوژرانی سەتان کەس، لەنێویاندا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی و چەندین بەرپرسی دیکەی باڵای سەربازی و ئەمنی.
تاران دەڵێت هێرشەکانی بۆ سەر "بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا"یە لە وڵاتانی عەرەبی، بەڵام هەندێک لە هێرشەکان بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی خەڵکی سڤیل و زیانگەیاندن بە ناوچە نیشتەجێبوونەکان. ئەمەش نیگەرانی و سەرکۆنەی توندی وڵاتانی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە و داوای راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ