گرووپێکی هاککەری سەر بە ئێران ئیمەیڵی تایبەتی بەڕێوەبەری (FBI) هاک دەکەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گرووپێکی هاککەری نزیک لە ئێران دەست بەسەر هەژماری ئیمەیڵی تایبەتی کاش پاتێل، بەڕێوەبەری نوێی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI)دا دەگرن و چەندین وێنە و بەڵگەنامەی تایبەتیی ناوبراو بڵاودەکەنەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی (ئەسۆشیێتد پرێس)، گرووپێکی هاککەر بە ناوی "حەنزەلە" کە لایەنگری ئێرانن، بەرپرسیارێتی هاککردنی ئیمەیڵەکەی کاش پاتێلیان گرتووەتە ئەستۆ. گرووپەکە رایگەیاندووە کە دەستیان بەسەر نامە فەرمی و تایبەتەکان، تۆماری گەشتەکان و بەڵگەنامەکانی پاتێلدا گرتووە کە مێژووەکەیان بۆ نێوان ساڵانی 2011 تاوەکو 2022 دەگەڕێتەوە، واتە پێش ئەوەی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە وەک بەڕێوەبەری (FBI) دەستنیشان بکرێت.
 
گرووپی "حەنزەلە" لە چوارچێوەی بڵاوکردنەوەی زانیارییەکاندا، چەند وێنەیەکی تایبەتی پاتێلیان بڵاوکردووەتەوە، لەوانە وێنەیەک لە تەنیشت ئۆتۆمبێلێکی وەرزشی کلاسیک و وێنەیەکی دیکە لە کاتی جگەرەکێشاندا، جگە لە بڵاوکردنەوەی ژیاننامە (CV) و چەندین دۆکیومێنتی دیکەی کەسی.
 
تاوەکو ئێستا (FBI) و وەزارەتی دادی ئەمریکا بە فەرمی هیچ لێدوانێکیان نەداوە، بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی (AP)ی راگەیاندووە کە بەڕاستی هەژمارێکی کەسیی پاتێل هاک کراوە، بەبێ ئەوەی کاتی دەستپێکردنی هێرشەکە ئاشکرا بکات.
 
ئەم هێرشە سایبەرییە لە کاتێکدایە وەزارەتی دادی ئەمریکا هۆشداری دابوو لە پەرەسەندنی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ئێران، بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ـی شوباتی رابردوو.
 
هەفتەی رابردوو، وەزارەتی دادی ئەمریکا دەستی بەسەر چوار پۆرتاڵی ئەلیکترۆنیدا گرت کە گومانیان لێدەکرا لەلایەن قەوارە سێبەرەکانی سەر بە وەزارەتی هەواڵگری ئێرانەوە بەکاربهێندرێن، کە دووانیان پەیوەندییان بە گرووپی "حەنزەلە"وە هەبووە.
 
کاش پاتێل پێشتر لە لێدوانێکدا رایگەیاندبوو ئێران دەیەوێت لە پشت "ماڵپەڕە ساختەکان و هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکانەوە" خۆی بشارێتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و بێدەنگکردنی نەیارەکانی، بەڵێنیشی دابوو کە نووسینگەکەیان هەموو تێوەگلاوان راپێچی دادگا دەکات.
 
گرووپی "حەنزەلە" یەکێکە لە چالاکترین گرووپە سێبەرەکان و پێشتریش هێرشی کردووەتە سەر کۆمپانیای تەکنەلۆژیای پزیشکی "Stryker"ی ئەمریکی، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە هێرشەکانی واشنتن بۆ سەر تاران.
 
ئەم رووداوە ئاماژەیەکی روونە بۆ فراوانبوونی مەیدانی ململانێی نێوان واشنتن و تاران بۆ نێو جیهانی دیجیتاڵی، کە ئێستا وەک ئامرازێکی کاریگەر هاوشانی جەنگی سەربازی بەکاردەهێندرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە