رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
وەزیری دەرەوەی عێراق و تورکیا رێککەوتنەکە واژۆ دەکەن و سەرۆکوەزیرانی عێراق لەدواوەیان وەستاوە.
رووداو دیجیتاڵ
فوئاد حسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی یەکشەممە 2-11-2025 لە بەغدا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد.
فوئاد حسێن: بۆچوونە هاوبەشەکانمان لەبارەی ئاو خستە سەر کاغەز
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا فوئاد حسێن رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیاندا باسی چەند تەوەرێکی جیاوازیان کردووە و گوتی: "بەتایبەتی هەڵوەستەمان لەسەر بابەتی ئاو کرد، کە پەیوەندیدارە بە هەردوو وڵات و پەیوەندیدارە بە هاووڵاتییانی هەردوو لا. پێشتریش لە ئەنقەرە و لێرەش باسی ئەو بابەتەمان کردووە و لە زۆر بابەتدا خاڵی هاوبەشمان هەبووە و گەیشتووینەتە رێککەوتن."
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی، "بە پێویستمان زانی هەموو ئەو رێککەوتن و سازانە بخەینە سەر لاپەڕەی رێککەوتن و واژۆی بکەین. جا ئەمەش گرنگە بیڵێم کە رێککەوتنێکی 26 خاڵیمان لەگەڵ تورکیا هەیە. بە خاڵەکانی ئەو رێککەوتننامەیەدا چووینەوە بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی پێویستی تێدا بکەین".
فوئاد حسێن لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: هیوادارین هەردوولا بگەینە چارەسەر
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بابەتەکانی تایبەت بە ئابووری، کولتوور، وزە و دادگەری و زۆر بابەتی دیکەیان خستوونەتە بەر باس و لە زۆر بابەتدا بۆ ئەوەی هاوئاهەنگی بەردەوام بێت، گەیشتوونەتە رێککەوتن.
لەبارەی پرۆسەی چارەسەری کە لە تورکیادا کۆبوونەوەکانی بەردەوامن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: "یەکێک لەو بابەتانەی هەڵوەستەمان لەسەری کرد، ئاسایشی ناوچەکە بوو. ئێمە وەکو حکومەتی عێراق بە تەواوی پشتگیری لەو پرۆسەیە دەکەین کە هەیە. هاوکات پشتگیری لە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە دەکەین، بەتایبەتی لە بابەتی گەیشتن بە چارەسەرێک. بەڵێ پەکەکە لە سنووری عێراقدا گرووپە چەکداری هەن. لەمبارەیەوە سەرکردەکانیان روونکردنەوەیەکیان هەبوو کە ئەویش خۆهەڵوەشاندنەوەیانە. هەنگاویان بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە ناوە."
فوئاد حوسێن گوتی، "ئێمە هیوادارین هەردوولا بگەنە چارەسەرییەکی بەرجەستە. بەتایبەتی ئەو چارەسەرە لە بابەتی مانەوەی پەکەکە لە مەخموور و شنگال گرنگە و تاوتوێی ئەم بابەتانەمان کرد. هەروەها گفتوگۆمان لەسەر ئەو بابەتانەش کرد کە پەیوەندیدارن بە وڵاتانی دەوروبەرەوە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا: زۆر گرنگە خاڵەکانی رێککەوتنی نێوانمان جێبەجێ بکرێن
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەسەر بوونی هاوئاهەنگییەکی بەهێز لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە کردەوە و وەبیریهێنایەوە کاتێک ساڵی 2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی بەغدای کرد، رێککەوتنی نێوانیان واژۆکرا.
فیدان جەختیکردەوە کە زۆر گرنگە خاڵەکانی ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکرێن و گوتی: "لە زۆر بواردا رێککەوتن و هاوئاهەنگیمان هەیە. ناوچەکەمان پێویستی بە هاوئاهەنگی و تێکەڵبوون و تۆکمەکردنی پەیوەندییەکانمان هەیە، نەوەک ببینە رکابەری یەکدی و ئاستەنگ بۆ یەکدی دروست بکەین. بەتایبەتی بۆ هاوئاهەنگیی زیاتر هیچ ئاستەنگێک لە ئارادا نییە. ناوچەکەمان خاوەن سەرچاوەی لە رادەبەدەرە، جا سامانی ژێرزەوی بێت یان سەرزەوی. ئەگەر تەواوی ئەو سامانە بە باشی بەکاربهێنین، دەتوانین بەهەشتێک لە ناوچەکەدا دروست بکەین. عێراق لە چەند ساڵی دواییدا بەداخەوە بە قۆناخی زۆر سەختدا تێپەڕی. سوپاسگوزارین ئەمڕۆ سەقامگیری و ئاشتی هەیە و عێراقێکی باشتر دەبینین. ئێمە وەکو تورکیا پشتیوانیی تەواومان بۆ گەشەپێدان و ئارامیی عێراق هەیە. پشتیوانی لە تەواوی کار و پرۆژەکان دەکەین و ئەوەی لەدەستمان بێت سڵی لێ ناکەینەوە".
فیدان: وەکو خەڵک و وڵاتانی ناوچەکە خۆمان کێشەکانمان چارەسەر دەکەین
هاکان فیدان هەروەها رایگەیاند، "لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکانی سووریا دەکەین کە دراوسێی عێراق و تورکیاشە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش دا، "لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، کار لەسەر ئەوەش دەکەین، کە ئاخۆ دەتوانین لە بابەتی سووریادا چی بکەین. وەکو وڵاتانی ناوچەکە پێویستە هاوئاهەنگیمان بگەیەنینە بەرزترین ئاست و متمانەی نێوانمان تۆکمە و تەندروست بکەین؛ هەنگاو لەپێناوی ئاشتی و ئارامی بنێین و لە رێگەکەماندا بەردەوام بین."
هاکان فیدان گوتی، "بێگومان ئێمە سوپاسی سەرکردایەتیی سیاسیی عێراق، بەتایبەتی بەڕێز سوودانی و پارتە سیاسییە شیعی و سوننەکان، هەروەها عەرەب و کورد دەکەین بە بێ جیاوازی، بۆ پشتیوانییان لەم دیدگەیە. هەمووکات ئەمە دەڵێین و سەرۆککۆماریشمان جەختی لەسەر دەکاتەوە، کێشەی ناوچەکەمان هەر خۆمان وەکو خەڵک و وڵاتانی ناوچەکە بەیەکەوە چارەسەر دەکەین و چاوەڕێ ناکەین رزگارکەر لە دەرەوەوە بێت. توانا، هێز و دیدگەمان بەشی ئەمە دەکات. ئەگەر ئەمە بکەین، کەمتر دەبینە بار بەسەر جیهانەوە".
هاکان فیدان: لە بابەتی ئاودا دوو رێگە دەگرینەبەر
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها لەبارەی واژۆکردنی رێککەوتنی تایبەت بە ئاو گوتی: "ئەم رێککەوتنە زۆر گرنگە. ئەمە یەکەمینجارە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا رووبدات. هەروەک دەزانن ساڵانێکی دوورودرێژە تورکیا و عێراق بەدوای ئەوەدا دەگەڕان، کە چۆن دەتوانین بەشێوەیەکی بەرهەمدارتر ئاو بەکاربهێنن. دوو ساڵ و نیو پێش ئێستا لە سەردانێکمدا بابەتێک هەبوو کە لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران کۆک بووین لەسەری؛ ئەویش دوو رێگە بوو. یەکەم چاودێریکردن و دۆزینەوەی شێوازێک بۆ بەکارهێنانی ئەو ئاوە لەنێوان عێراق و تورکیا. دووەمیشیان ئەوەیە کە چۆن دەتوانین بەیەکەوە کار بۆ چاکسازیی ژێرخانی گلدانەوەی ئاو لە عێراق بکەین. لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردوودا کاری زۆر جیددی لەسەر ئەو دوو رێگەیە کرا".
هاکان فیدان هەروەها جەختیکردەوە، ئەو رێککەوتنەی نێوان تورکیا و عێراق دەبێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ خەڵکی عێراق و هیوای خواست کۆتایی بە کێشەی ئاو بهێنێت.
فیدان: دووبارە کاراکردنەوەی بۆریی نەوت پێشهاتێکی گرنگە
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لە بابەتی وزەشدا هاوئاهەنگیی باشیان هەیە و گوتی: "دووبارە کاراکردنەوەی بۆریی نەوت پێشهاتێکی گرنگە. ئێمە وەکو تورکیا لە بابەتی وزەدا دەتوانین چ هەنگاوێکی دیکە بنێین، بە بابەتی کارەباشەوە، هەوڵەکانمان چڕکردوونەتەوە، وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان بەیەکەوە کاردەکەن. لەم بابەتەدا ئێمەس وەکو وەزارەتی دەرەوە هەنگاو دەنێین بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست".
فیدان: هیوادارین و چاوەڕوانین پەکەکە لە سووریا، عێراق و ئێرانیش کۆتایی بە چالاکیی چەکداری بهێنێت
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی پرۆسەی چارەسەریشی کرد. بەتایبەتی کە رۆژی 26-10-2025 پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کشانەوەی خۆی لە تەواوی تورکیا و باکووری کوردستان راگەیاند.
هاکان فیدان جەختیکردەوە، پرۆسەکە بە باشی دەڕوات و ئەمەش سوودی بۆ تەواوی ناوچەکە هەیە، نەوەک هەر تورکیا. هەروەها بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی بە پێشهاتێکی ئەرێنی وەسفکرد و گوتی: "بڕیاری کۆتاییهێنانیان بە چالاکیی چەکداری لە تورکیا بۆ ئیمە زۆر گرنگە. بەڵام هیوادارین و چاوەڕێشین کە رێکخراو لە عێراقیشدا کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و لەو شوێنانە بکشێتەوە کە داگیری کردوون. بە هەمان شێوە زۆر گرنگە لە سووریاش، لەو شوێنانە بکشێتەوە کە داگیری کردوون."
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، "ئێستا لە عێراق پانتاییەکی زۆریان داگیرکردووە. لەگەڵ دامەزراوەکانی عێراقدا لە نزیکەوە کار دەکەین. لە حزووری ئێوەشدا سوپاسی دامەزراوەکانی عێراق دەکەم بۆ ئەو هاوئاهەنگییەی هەیانە. بەغدا و هەولێریش لەم بابەتەدا لەگەڵ ئێمەدا لە هاوئاهەنگییەکی نزیکن. هەروەک باسمکرد، کۆتاییهێنانی پەکەکە بە چالاکیی چەکداری نەوەک تەنیا لە تورکیا، بەڵکو لە عێراق، سووریا و تەنانەت ئێرانیش، بۆ سەقامگیری، ئاسایش و ریگریکردن لە دەستوەردانی هێزە دەرەکییەکان هەتا بڵێی گرنگە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتی بە پەیوەندییەکی دێرین و رەسەن وەسفکرد و گوتی کە خەڵکی هەردوولا سەدان ساڵە لە پەیوەندییەکی تۆکمەدان.
هەروەها جەختیکردەوە کە ئەو پەیوەندییە ریشەدارە بۆ تۆکمەکردنی پەیوەندییەکان لە سەردەمی مۆدێرندا بەکاردەهێنن و پێشی دەخەن.
هاوکات جەختیکردەوە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پشتیوانیی تەواوی بۆ دەوڵەت و خەڵکی عێراق هەیە.
هاکان فیدان هەروەها هیوای خواست هەڵبژاردنی رۆژی 11-11-2025 ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ خەڵکی عێراق و جەختیکردەوە کە تورکیا رێز لە ویستی خەڵکی عێراق دەگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ