رووداو دیجیتاڵ
ئەو کەسەی کە 235 رۆژ سەدامی لە چاڵێکدا شاردەوە، قسە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و چەند نەگوتراوێک ئاشکرا دەکات، دەڵێت، سەدام بڕە پارەیەکی زۆر کەمی لە گیرفاندا بوو کاتێک چووەتە لایان. دەشڵێت، ئەو دەستگیر نەکرا، بەڵکو رادەستکرا.
لە جەددەی سعودیە، چالاکییەکانی سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور بەڕێوەدەچێت و ئەستێرەکانی سینەما گەرموگوڕییان بە فەرشی سووری فێستیڤاڵ داوە و فیلمەکانیان پێشاندەدەن.
لە پەراوێزی ئەو فێستیڤاڵەدا، عەلا نامیق، ئەو کەسەی سەدام حوسێنی لە چاڵێکدا شاردبووەوە، بۆ یەکەمجار بۆ میدیاییەک قسەی کرد، ئەویش تۆڕی میدیایی رووداو بوو و، باسی لە ناخۆشترین رۆژی سەدام لە کاتی مانەوەی لە چاڵەکەدا کرد و ئەو بڕە پارەیەی پێی بووە.
عەلا نامیق بە رووداوی گوت، ئەوان ئاگاداری هیچ نەبوون کاتێک سەدام لە دەرگەیانی داوە. کاتێکیش چووەتە لایان، سەدام بڕە پارەیەکی زۆر کەمی لە گیرفاندا بووە. دەشڵێت، "خەمە گەورەکەی [سەدام] ئەوەبوو، کاتێک منداڵەکانی شەهید بوون، ئەمە سەخت و دژوارترین رۆژی بوو کاتێک گوێی لە هەواڵەکە بوو، بەڵام لەهەمان کاتدا خۆی بە خەمباری دەرنەخست و چووە بەردەم خەڵک و پێی راگەیاندن ئەوان شەهیدی رێگای خودان. پەیامێکی بەجیهان گەیاند، بەوەی رۆڵەکانی لەپێناو ئەم رێبازە بەخشی و هەستێکی بە عێراقییەکاندا بەوەی لە ئەمریکییەکان ناترسێت و خەمبار نییە."
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا لەبارەی ئەوەی کێ بڕیاریدا سەدام لایان بمێنێتەوە، عەلا نامیق گوتی، "باوکم، ئەو کاتێک هاتە لای باوکم کەس نەیدەزانی و تەنانەت پێی راگەیاندین کە لە خەو بینیویەتی و ئێمەش نەمانبینیبوو، بۆیە بڕیاریدا بێتە لای باوکم. باوکیشم بانگی کردم و هەواڵەکەی پێ راگەیاندم، منیش یەکە بەیەکەی براکانم بانگکرد بەهۆی ئەوەی ناکرێ هەواڵەکە ئاشکرا بکرێت. سوپاس بۆ خودا توانیمان بیپارێزین تاوەکو ئەو کاتەی رادەستکرا. من ناتوانم بڵێم دەستگیرکرا، لە راستیدا رادەستکرا."
ئەو زیاتر لەبارەی دۆخی سەدامەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتیشی، "لە دوایین گفتوگۆماندا زۆر دڵتەنگ بوو، کێشە روویدا. هەستی کرد کەسێک لە گرووپەکەی خۆی شوێنەکەی ئاشکرا دەکات. داوای لێکردم شوێنێکی نهێنی دیکەی بۆ بدۆزمەوە، منیش شوێنێکی ئەلتەرناتیڤم بۆ دروستکرد، بەڵام بەداخەوە پێڕانەگەیشتین، بڕیاربوو دوای دوو رۆژ بیگوازمەوە کێڵگەی خۆم و لەوێ بیشارمەوە، بەداخەوە ئەوەی چاوەڕوان دەکرا روویدا و رادەستکرا. رۆژی 13ـی 12 کاژێر 7:30 دەستگیرکرا."
لە دووەم رۆژی فێستیڤاڵدا، یەکەمین پێشاندانی بەڵگەفیلمی 'شاردنەوەی سەدام" لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری کورد، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور لە سعودیە پێشاندرا و دەرهێنەری فیلم و کارەکتەری سەرەکیی نێو فیلمەکە لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوون.
هەڵکەوت مستەفا دوای چەندین ساڵ توانی عەلا نامیق رازی بکات کە لە فیلمەکەدا باس لە شاردنەوەی سەدام بکات. تۆڕی میدیایی رووداو بەرهەمهێنەرێکی سەرەکیی فیلمەکەیە و تیمێکی رووداو رووماڵی فێستیڤاڵەکە دەکات.
فیلمەکە لە سینەمای ئای ماکس پێشاندرا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و میدیاکاران تێیدا ئامادەبوون و پرسیاریان ئاراستەی دەرهێنەر و کارەکتەری سەرەکیی نێو فیلمەکە کرد.
عەبدوڵڵا عەسکەر، ئەکتەری سعودی بە رووداوی گوت، "سەبارەت بە فیلمی ونبوونی سەدام حوسێن، بەڕای من رووداوەکە وەک گێڕانەوەی چیرۆکێکی پڕ ئەندێشە بووە کە 20 ساڵی خایاندووە بە چاکە و خراپەکانییەوە و ئەمڕۆش بۆ ئەم نەوەیە دەگێڕدرێتەوە. بەش بەحاڵی خۆم بە راشکاوانە دەیڵێم زۆر دڵخۆش بووم ئەم گێڕانەوەیەم بینی. لەنێو رووداوەکاندا ژیام و شاهێدی رووداوەکان بووم کە بەسەر گەلی عێراقدا تێپەڕی کە دۆخێکی زۆر قورس بوو."
بڕیارە لە سێیەم رۆژی فێستیڤاڵدا، پێشاندانی دووەمی بەڵگەفیلمی "شاردنەوەی سەدام" بەڕێوەبچێت. "شاردنەوەی سەدام" چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە بۆ ماوەی 235 رۆژ، سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراقی لە باشووری تکریت حەشاردا، لە کاتێکدا هەزاران سەربازی ئەمریکی دوای کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتەکەی لە ساڵی 2003، بەدوایدا دەگەڕان.
سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دەریای سوور لە 30ـی تشرینی دووەم تاوەکو 9ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە جەدەی سعودیە بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دوای ئەو کرانەوە کولتوورییەی ئەو وڵاتە دێت و لە زۆربەی شارەکان فێستیڤاڵی هونەری سازدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ