گوتەبێژی پێشووی سێنتکۆم بۆ رووداو: هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان چەند رۆژێک بەردەوام دەبن

03-02-2024
جۆی بوچینۆ، گوتەبێژی پێشووی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا
جۆی بوچینۆ، گوتەبێژی پێشووی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پێشووی سێنتکۆم رایگەیاند، هێرشەکانی شەوی رابردووی هێزەکانی ئەمریکا دەستکەوتێکی ئەوتۆیان نابێت، دەشڵێت، گرووپەکانی نزیک لە ئێران بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا. "باشترین وەڵام هێرشی راستەوخۆیە بۆ سەر ئێران." 
 
رۆژی شەممە، 3-2-2024، جۆی بوچینۆ، گوتەبێژی پێشووی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم میوانی بەرنامەی نوورۆژی رووداو بوو و لەبارەی هێرشەکەی دوێنێ شەوی ئەمریکا بۆ سەر سووریا و عێراق قسەی بۆ رووداو کرد. بوچینۆ رایگەیاند، "هێرشەکانی ئەمریکا دەچنە هەفتەی داهاتوو، بەڵام چەند رۆژێک دەخایەنن نەوەک چەند هەفتەیەک." ئەو بەرپرسەی پێشووی ئەمریکا گوتی، "ئێران یاری لەگەڵ ئێمە دەکات و شەڕ بە گرووپەکان دەکات و پێمان پێدەکەنێت."
 
هەروەها گوتەبێژی پێشووی سێنتکۆم گوتی، "سەرۆک بایدن و ئیدارەکەی نایانەوێت مەترسییان بکەوێتە سەر، ئەمەش ئەو هەستەی هەیە ئەگەر ئێمە هێرشێکی راستەقینە بکەین و بمانەوێت ئێران ئازار بدەین، ئەوا دەبێتە شەڕێکی بەرفراوان."
 
ئەمریکا بەر لەوەی هێرشبکاتە سەر گرووپە چەکدارەکان ئاماژەی بە هێرشەکان کردبوو بەڵام کات و شوێنێ ئاشکرا نەکردبوو، جۆی بوچینۆ لەوبارەوە دەڵێت، "ئەوان بەر لە هێرشەکە لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکاندا هەموو نهێنییەکیان گوت، بە ئاشکرا گوتیان هێرش ناکەینە سەر ئێران، بەڵکو [گرووپە چەکدارەکان] بەدواتاندا دێین."
 
 
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ جۆی بوچینۆ، گوتەبێژی پێشووی سێنتکۆم:
 
رووداو: ئەمریکا دەڵێت ئەوان تۆڵەی خۆیان کردووەتەوە، بەڕای تۆ ئەو هێرشەی ئەمریکا تۆڵەکردنەوە بووە و لە ئاستی پێویستدا بووە؟
 
جۆی بوچینۆ: ئێمە لە هەمان ئامانجمان داوە، ئێمە لە چەند مانگی داهاتوو هەر لەو ئامانجانەمان داوە، بەڵام ئەمجارە لە ئامانجی زیاترمان دا. ئەم گرووپە چەکدارانە دەتوانن دووبارە عێراق پڕ درۆن بکەنەوە. ئەو ژێرخانانەی کە ئێمە کردمانە ئامانج لەم چەند هەفتەیە، بۆیە ئەمە هیچ دەستکەوتێکی نابێت.
 
رووداو: سیاسەت و ستراتیژییەتی ئەمریکایە بەرامبەر بە ئەو گرووپە چەکدارانە. پێتوایە ئەمریکا تاوەکو ئەم ساتە ستراتیژییەتێکی دیاریکراوی هەبێت بەرامبەر بە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران؟
 
جۆی بوچینۆ: پێموایە ستراتیژییەکە روونە، نایەوێت مەترسیی بکەوێتە سەر. ستراتیژییەکە وەکو یاری دامە وایە. ئەو گرووپە چەکدارانە جووڵەیەک دەکەن، دواتر ئێمە جووڵەیەک دەکەین، دواتر ئەوان جووڵەیەک و پاشان ئێمە جووڵەیەکی دیکە دەکەین، ئیدی بەمجۆرە ئێمە لەو یارییە بەردەوام دەبین بێ ئەوەی هیچ ئەنجامێک یان کۆتاییەکی هەبێت.
 
رووداو: بۆچی ئەمریکا ستراتیژییەتێکی دیاریکراوی نییە بۆ ئەو گرووپانە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو هێرشانە بهێنێت، نەک وەکو خۆت دەڵێیت یارییەکە ئەوان هێرش دەکەن و ئێوە هێرش دەکەن؟
 
جۆی بوچینۆ: سەرۆک بایدن و ئیدارەکەی نایانەوێت مەترسییان بکەوێتە سەر، ئەمەش ئەو هەستەی هەیە ئەگەر ئێمە هێرشێکی راستەقینە بکەین و بمانەوێت ئێران ئازار بدەین، ئەوا دەبێتە شەڕێکی بەرفراوان. ئەوەی لێرە دەیبینین، لە پێنج رۆژی دوایی ئێمە بە ئاشکرا باسی ئەوەمان کردووە. ئێمە هێرش دەکەین. ئێمە هێرشێکی تووند دەکەین. ئێمە هێرش ناکەینە سەر ئێران. ئێمە لەگەڵ ئێران شەڕمان ناوێت. ئێمە بێگومان شەڕمان لەگەڵ ئێران ناوێت. ئەمە زۆر لاواز دەردەکەوێت. 
 
رووداو: کەواتە بەڕای تۆ وەڵامدانەوەی ئەمریکا بۆ ئەو هێرشەی کە لەئوردن کرا درەنگبوو؟ پێویستبوو کە زووتر وەڵامبداتەوە؟
 
جۆی بوچینۆ: بەڵێ کاتێکی زۆر بوو. ئێمە پێنج رۆژمان لە قسەکردن لەسەر ئەمە بەسەربرد، لەوکاتەشدا گرووپە چەکدارەکانی نێو عێراق و سووریا ریزەکانی خۆیان تووندتر کردەوە، چەکەکانی خۆیان شاردەوە و رۆکێتەکانی خۆیان بردە دەرەوە.
 
رووداو: هەندێک دەنگۆ هەبوو باس لەوە دەکرا، دواکەوتنی ئەو هێرشانە بۆ ئەوە بوو ئەمریکا زانیاری داوەتە ئێران سەبارەت بەو هێرشانە، ئەمە راستە؟
 
جۆی بوچینۆ: پێویستی نەکرد هیچ زانیارییەکی نهێنی بدات، ئەوان بە ئاشکرا گوتیان. ئەوان لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکان باسیانکرد، ئێمە لە ئێران نادەین، ئێمە بەدواتاندا دێین، ئێمە لە ئێران نادەین. ئەوان پێویستیان بەوە نەبوو هیچ زانیارییەکی نهێنیان بۆ بنێرن، ئەوان خۆیان هەموو شتێکیان لە پێنتاگۆن باسکرد.
 
رووداو: کەواتە بەڕێز بوچینۆ ئامانجی ئەم هێرشانە چین، لەکاتێکدا تۆ گوتت پێنج رۆژی خایاند، ئەم گرووپانە خۆیان بە‌هێزکرد و ناوی ئەو سەرکردە دیارانەی لە هێرشەکە کوژراون بڵاونەکراونەتەوە. ئایا ئامانجی ئەوە چییە؟
 
جۆی بوچینۆ: لێرە لە ئەمریکا، بە تایبەت لە واشنتن دی سی، گوشارێکی زۆر لەسەر بایدن هەبوو، دوای کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی، بۆ ئەوەی شتێک بکات. منیش بەو شتە دەڵێم "شتێک بکە"، ئەویش کردی. ئەو ئێستا دەتوانێت بڵێت، کە شتێکی کرد، بەڵێ هەر بەڕاست ئەو شتێکی کرد، کە هیچ دەستکەوتێکی نەبوو.
 
رووداو: هۆکاری ئەوەی کە جۆ بایدن دەڵێت نامانەوێت شەڕەکە فراوان ببێت، بەڵام هۆکار چییە، کە ئەم هێرشانە بەردەوامە و ئێران لە رێگەی گرووپە چەکدارەکانی ناوە ناوە هێرشی بەردەوام دەکاتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، لە سووریا، لە ناوچەکە و لە دەریای سوور؛ چۆنە ئەمریکا پلانی ئەوەی نەبوو کە هێرشبکاتە نێو ئێران و لەنێو خاکی ئێران هێرشبکاتە سەر حکومەتی ئێران؟ پێشتریش ئێران گوتی هەر هێرشێک بێ وەڵام نامێنێتەوە.
 
جۆی بوچینۆ: من پێموایە کە لە سێ هەفتەی داهاتوو، گرووپێکی دیکەی بە وەکالەت، گرووپێکی دیکەی چەکداری دەبینن و لە هێزەکانمان دەدەن. ئێوە دەیبینن کە ئەوە روودەدات. سەیرکە، ئێمە بەو جۆرە بیری لێدەکەینەوە، ئێران زۆر دڵخۆشە بەو یاریکردنە. ئێران لەگەڵ ئەمریکا لە شەڕدایە، بەڵام ئێران هیچ کام لەو شەڕە ناکات. ئەو گرووپە میلیشیایانەی کە ئێران پارەداریان دەکات شەڕەکەی بۆ دەکەن. ئەو گرووپانە هەژارن و ئێرانیش دڵخۆشە کە دەبینێت ئەوان دەکوژرێن، ئێران هیچ گرنگییەک بەوان نادات. بۆیە من پێموایە کە ئەوە ئێران بەهێزتر دەکات و پێموایە کە ئێران گوشاری سەر ئەمریکا زیاتر دەکات.
 
رووداو: تۆ دەڵێیت لە ماوەی سێ هەفتەدا گرووپێکی دیکەی سەر بە ئێران بەدەر دەکەوێت و هێرش دەکات، چۆن ئەم زانیاییەت هەیە؟ ئەم گرووپە كێیە و لە کوێ هێرش دەکات؟ گرووپێکی نوێیە یان هەر گرووپەکانی پێشوون؟
 
جۆی بوچینۆ: پێموایە ئەوە تاقیکردنەوەیەکە، هەمان ئەو گرووپانەی کە ئێمە هێرشمان کردە سەریان، لێمان دەدەن و هێرشمان دەکەنە سەر چونکە ئەوان زۆر بە خێرایی دەتوانن مووشەک و درۆنەکانی خۆیان وەرگرنەوە، ئەو مووشەک و درۆنانە بە ئاسانی دروست دەکرێن و بە ئاسانی بەرهەمدەهێندرێن.
 
رووداو: بە بڕوای تۆ هێرشەکانی شەوی رابردووی ئەمریکا بۆ سەر بنکەی هێزە چەکدارەکان بەپێی پێویست نەبووە؟ دوێنێ بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکاش هەمان قسەیان کردووە دەڵێن دەبوو هێرشەکە گەورەتر بووایە، ئەوەی کە هەیە دەگوترێت هێرشەکان بەردەوام دەبن و تەنیا ئەمشەو نابێت. لەوە دەچێت هێرشەکان بەردەوامبن لەکاژێرەکانی داهاتوو، پێتوایە ئەمجارە قەبارەی هێرشەکان چۆن دەبێت؟
 
جۆی بوچینۆ: هیوادارم گەورەتر و پتەوتر بێت، هیوادارم لەوە تووندتر بێت و هێرشربکاتە سەر ئەو ئامانجانەی، کە گرنگن چونکە ئەو ئامانجانەی ئێستا هیچ گرنگییەکیان نییە.
 
رووداو: دەبێت ئەمریکا چ جۆرە هێرشێک بکات؟
 
جۆی بوچینۆ: باشترین وەڵام ئەوەیە کە هێرشبکاتە سەر ئەو ئامانجانەی کە مانا و گرنگییان هەبێت، لە ناوەوەی ئێران یان هێرش بۆ سەر بەرپرسەکانی ئێران بەخێرایی بەبێ ئەوەی بۆ ماوەی چەندین رۆژ بەردەوام قسەی لەسەر بکات.
 
رووداو: ئەمریکا دەڵێت هێرشەکان درێژەی دەبێت و تەنیا یەک هێرش نابێت، ئینجا چەند دەخایەنێت، چ زانیارییەکت هەیە؟
 
جۆی بوچینۆ: پێموایە دەچێتە هەفتەی داهاتوو، چەند رۆژێک دەخایەنێت. چەند رۆژێک دەبێت نەوەک چەند هەفتەیەک.
 
رووداو: هیچ زانیارییەکی وردت نییە سەبارەت بەو هێرشانەی کە بەردەوام دەبن؟
 
جۆی بوچینۆ: ناتوانم زانیاریی نهێنیتان لەسەر هێرشەکان پێبدەم.
 
رووداو: کەواتە هەرجارێک کە ئەمریکا هێرشی کردبێت و وەڵامی دابێتەوە تەنیا بۆ یەکجارە، بەڵام ئەمجارە بۆچی درێژ دەکاتەوە؟
جۆی بوچینۆ: ئیدارەکە بەردەوام و دووبارە قسە لەسەر ئەوە دەکات و چەندین زانیاریی زۆر مەترسیدار دەدەن، ئەوان قسە زۆر دەکەن و ئەم هێرشانەش گرنگی لەدەستدەدەن، ئەوان دەیانەوێت خەڵک بزانێت کە ئەوە چەندین رۆژ دەخایەنێت، ئەوان وا هەست دەکەن کە دەستی پاڵەوانی لەبەردەم ئێران دەوەشێنن و واش نییە. پێموایە کە ئێران بە ئێمە پێدەکەنێت.
 
رووداو: بەبڕوای تۆ هەڵەیە کە ئەمریکا هیچ هێرشێک ناکاتە سەر ئێران؟
 
جۆی بوچینۆ: پێموایە کە ئەوە هەڵەیە و هیچ کاریگەرییەکی نییە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە