ئەمریکا درۆنێکی ئێرانی لە 'دەریای عەرەب' خستەخوارەوە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێ، فڕۆکەیەکی تارمایی جەنگیی جۆری F-35C درۆنێکی ئێرانی لە ئاسمانی دەریای عەرەب خستووەتە خوارەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا رێگرییان لە هەوڵێکی ئێران کردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی گواستنەوەی نەوت لە گەرووی هورمز.

تیم هۆکینز، گوتەبێژی سێنتکۆم رایگەیاند، رووداوەکە لە دووریی نزیکەی 800 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ئێران روویداوە، کاتێک فڕۆکەیەکی جەنگیی پێشکەوتووی تارمایی لە جۆری F-35C درۆنێکی ئێرانیی جۆری "شاهید-139"ـی خستوەتە خوارەوە. 

هۆکینز گوتی: "ئەم هەنگاوە بۆ بەرگری لە خۆکردن و پاراستنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن و کارمەندانی سەر کەشتییەکە بووە، دوای ئەوەی درۆنەکە سەرەڕای هۆشدارییەکان، بەردەوام بوو لە نزیکبوونەوە."

هەر ئەمڕۆ هۆکینز گوتی، دوو بەلەمی خێرا و درۆنێکی ئێرانی بە خێراییەکی زۆر لە کەشتییەکی گواستنەوەی نەوتی هەڵگری ئاڵای ئەمریکا بە ناوی (M/V Stena Imperative) نزیکبوونەتەوە و هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنیان کردووە. 

هۆکینز گوتی: "کەشتییەکی تێکشکێنەری ئەمریکی بە ناوی (USS McFaul) بە هاوکاریی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا وەڵامی هەڕەشەکەی دایەوە و تانکەرەکەی پاراست، کە ئێستا بە سەلامەتی بە رێگەی خۆیدا دەڕوات."

سەرەڕای ئەم دۆخە، کۆشکی سپی دەلی، دیپلۆماسییەت رانەگیراوە. کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: "گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران لە کاتی خۆیدا دەکرێ. ستێڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا گفتوگۆکانی لەگەڵ ئێرانییەکان بکات و تاوەکو ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لەو خشتەیەدا نەکراوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە