نەتەنیاهوو: دەسەڵاتی فەلەستینی هیچ رۆڵێکی لە داهاتووی غەززەدا نابێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل نێردەی تایبەتی ئەمریکای ئاگادار کردووەتەوە کە دەسەڵاتی فەلەستینی بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززەدا ناکات.
 
ئەم هەڵوێستەی نەتەنیاهوو لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە قودس/ئورشەلیم بوو، کە تێیدا باس لە دیاریکردنی نەخشەڕێگەی غەززە دوای کۆتاییهاتنی جەنگ کرا.
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی سێشەممە، 03-02-2026 دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "سەرۆکوەزیران ئەوەی روونکردەوە کە دەسەڵاتی فەلەستینی بە هیچ شێوەیەک بەشداریی لە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززەدا نابێت."
 
ئەم بڕیارە وەک رەتکردنەوەی هەموو ئەو پێشنیازانە دەبینرێت کە داوایان دەکرد دەسەڵاتی فەلەستینی بە سەرۆکایەتیی مەحموود عەباس بگەڕێتەوە بۆ غەززە، تاوەکو بۆشایی کارگێڕی پڕبکاتەوە.
 
ئەم هەڵوێستەی نەتەنیاهوو لە کاتێکدایە، پلانی ئاگربەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆڵی دەسەڵاتی فەلەستینی بە ناڕوونی هێشتبووەوە.
 
کێشەی گەورەی دەسەڵات لە کەرتی غەززە بۆ ساڵی 2007 دەگەڕێتەوە، کاتێک بزووتنەوەی حەماس هێزەکانی دەسەڵاتی فەلەستینی لە غەززە وەدەرنا و کۆنترۆڵی تەواوەتی کەرتی غەززەی گرتە دەست.
 
لەو کاتەوە تاوەکو دەستپێکردنی جەنگی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، غەززە لەژێر دەسەڵاتی حەماس و کەرتی رۆژئاوا لەژێر دەسەڵاتی فەتحدا بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە