رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل و ئەمریکا هەوڵدەدەن توانای مووشەکیی ئێران لەنێوببەن پێش ئەوەی کۆگای مووشەکە بەرگریکارەکانیان بەتاڵ ببێت. پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: کێ زووتر تەقەمەنیی لێ دەبڕێت؟
لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە لە رۆژی شەممە، دیمەنی خستنەخوارەوەی مووشەکەکانی ئێران لە ئاسمان یان بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە شوێنی کەوتنەخوارەوەیان لە ئیسرائیل، ئوردن و وڵاتانی کەنداو دەبینرێت.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای Mintel World، لە دوو رۆژی یەکەمی جەنگدا، تاران نزیکەی 400 مووشەک و هەزار درۆنی ئاڕاستەی ئیمارات، کوێت، بەحرەین، قەتەر و ئوردن کردووە، جگە لەو مووشەکانەی ئاراستەی ئیسرائیلی کردوون.
بۆ بەرپەرچدانەوەیان، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سیستەمەکانی (THAAD)، (Arrow-3) و (Patriot)یان بەکارهێناوە. جەنەراڵ دان کەین، سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالارەکانی ئەمریکا دەڵێت: "ئەم سیستمانە سەتان مووشەکی بالیستییان خستووەتە خوارەوە."
لێدان لە سەکۆکان
دوای جەنگی 12 رۆژەی مانگی حوزەیرانی پار، شارەزایان مەزندە دەکەن ئێران لەنێوان چەند سەتێک بۆ دوو هەزار مووشەکی مابێت کە توانای لێدانی ئیسرائیلیان هەبێت. بەڵام ژمارەیەکی زۆر مووشەکی کورتمەودای وەک (شەهاب-2) و (فاتیح-313)ی هەیە کە دەگەنە وڵاتانی کەنداو.
ئامانجی ئەمریکا و ئیسرائیل ئێستا "لێدانە لە تیرهاوێژ نەک تیرەکە"، واتە دەیانەوێت مووشەکهاویژە گەڕۆکەکان لەنێوببەن.
ئیتیان مارکۆز، توێژەر لە دامەزراوەی توێژینەوەی ستراتیژی تێبینیی ئەوە دەکات کە بەراورد بە جەنگەکانی پێشوو، چڕیی هێرشەکانی ئێران کەمبووەتەوە. ئەو دەڵێت: "ئەمە پرسیار دروست دەکات: ئایا ئێران مووشەکەکانی هەڵدەگرێت بۆ جەنگێکی درێژخایەن، یان چیدی توانای هێرشی رێکخراوی نەماوە؟"
مەترسیی نەمانی مووشەکی بەرگریکار
هەرچەندە پێنتاگۆن دەڵێت مووشەکی بەرگریکاری پێویستیان هەیە، بەڵام بەرگری تێچووی زۆرە. بۆ هەر مووشەکێکی بالیستیی ئێران، دەبێت لانیکەم 2 مووشەکی بەرگریکار بنێردرێت.
بەرهەمهێنانی مووشەکی بەرگریکار سنووردارە؛ ساڵانە تەنیا 96 مووشەکی (THAAD) و 600 مووشەکی (Patriot) بەرهەم دەهێنرێن.
مارکۆز دەڵێت: "کۆگاکان بۆ ماوەیەکی زۆر بەرگە ناگرن، بۆیە دەبێت ئەمریکا و ئیسرائیل بەزوویی مووشەکهاوێژەکانی ئێران لەنێوببەن."
شارەزایان کە قسەیان بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کردووە، پێیانوایە ئەستەمە توانای مووشەکیی ئێران بە تەواوی سفر بکرێتەوە و ئێرانییەکان هەمیشە توانایەکیان دەبێت بۆ ئەوەی بۆ چەندین ساڵ گوشار دروست بکەن، هەروەک چۆن حووسییەکانی یەمەن کردیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ