رووداو دیجیتاڵ
ئەو دوو هاووڵاتیی فەرەنسی، کە زیاتر لە سێ ساڵە لە ئێران دەستبەسەرن، لەلایەن دەزگای دادی ئێرانەوە تۆمەتی سیخوڕییان بۆ دەزگەی هەواڵگریی ئیسرائیل ناسراو بە "مۆساد" درایە پاڵ.
رۆژی چوارشەممە، 03ی تەممووزی 2025، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی رۆژئاوایی و خوشکی سێسیل کۆلەر، کە لەگەڵ ژاک پاریس لە ئێران دەستبەسەرن، بە میدیای فەرەنسایان راگەیاندووە ئەو دوو هاووڵاتییە، بە تۆمەتی "پیلانگێڕی بۆ رووخاندنی دەسەڵات" زیندانیکراون.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکە رایگەیاندووە "ئێمە لەم تۆمەتانە ئاگادار کراوینەتەوە."
خوشکی کۆلەر لەبارەی ئەو تۆمەتانەوە دەڵێت، "تەنیا شتێک کە دەیزانین ئەوەیە دادوەرێکیان بینیووە و هەر دوو تۆمەتەکەی پشتڕاست کردووەتەوە،" ئاماژەی بەوەش کردووە هێشتا رێگە بە دوو هاووڵاتییە فەرەنسییەکە نەدراوە پارێزەری سەربەخۆیان هەبێت.
بە گوێرەی یاسای ئێران هەر دوو تۆمەتەکە سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.
پێشتر ئێران رایگەیاندبوو، ئەو دوو هاووڵاتییە فەرەنسییە بە تۆمەتی سیخوڕیی دەستگیرکراون، بەڵام بە وردیی ئاشکرای نەکردبوو کە بۆ چ دەزگەیەک یان وڵاتێک سیخوڕییان کردووە، بەڵام تائێستا دەسەڵاتدارانی تاران تۆمەتە نوێیەکانیان لە دژی ئەو دوو هاووڵاتییە فەرەنسییە پشتڕاست نەکردووەتەوە.
سەرچاوە دیپلۆماسییە فەرەنسییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو تۆمەتانە، ئەگەر بسەلمێنرێن، بە تەواوی بێ بنەمان. سێسیل کۆلەر و ژاک پاریس بێتاوانن،" داواشی لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد رێگە بەو دوو هاووڵاتییەیان بدرێت پارێزەریی خۆیان ببینن.
ئەم پێشهاتە رۆژێک دوای ئەوە هات، کە کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە ئێران توانیبووی لە زینداندا سەردانی ئەو دوو کەسە بکات و لەنزیکەوە رەوشیان ببینێت.
ئەمەش لەداوی ئەوەی چارەنووسی هەردوو زیندانییەکە نادیار بوو لەو کاتەی هەفتەی رابردوو ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا زیندانی ئێڤینی کردە ئامانج،
دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانەکە بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 79 کەس.
کۆلەری 40 ساڵ و پاریسی هاوژینی کە تەمەنی 72 ساڵە، لە مانگی ئایاری 2022وە لە ئێران دەستبەسەرکراون.
بە گوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسانی وڵاتانی رۆژئاوا، نزیکەی 20 هاووڵاتیی ئەورووپی لە ئێران دەستبەسەرن، کە تۆمەتی زۆربەیان نازانرێت.
لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەر ئێران، سێ هاووڵاتی ئەورووپیی دیکە، کە ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە دەستگیرکراون، دووانیان بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل تۆمەتبار کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ