کوردێک لەنێو کەشتیگەلی خۆڕاگری دایە و لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراوە

03-10-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
وێنەی رێناس. وێنەکە لە ئینستاگرامی خۆی وەرگیراوە
وێنەی رێناس. وێنەکە لە ئینستاگرامی خۆی وەرگیراوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەشێکی ئەو چالاکڤانانەی سەر کەشتیگەلی خۆڕاگرین لە بەندەرێکی ئیسرائیل، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەوە پێش گەیشتنیان بە کەناراوەکانی غەززە دەستگیرکراون.
 
یەکێک لە دەستگیرکراوان ناوی رێناس ئیبراهیمییە، کوردە و خەڵکی شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستانە. 
 
رێناسی تەمەن 34 ساڵ وڵاتینامەی فینلاندای هەیە. دایکی بە رووداوی راگەیاند، کاژێر 11:40ی شەوی چوارشەممە کچەکەی و بەشێکی هاوڕێکانی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستگیرکراون. ئەو گوتیشی، رێناس چەند جارێک هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە ناردووە و شانازیش بە کارەکانی کچەکەیەوە دەکات. 

رێناس هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە کولتووردا. ئەو پیش دەستگیرکرانی نامەیەکی بۆ دایکی ناردووە و گوتوویەتی، "خەمت نەبێت، ئێمە سەلامەتین و وا دەستگیرمان دەکەن. هەموو شتێک باشە". 
 
جگە لە رێناس، 450 چالاکڤانی دیکەش لە 37 وڵاتەوە کە لەنێو یەکێک لە 50 بەلەمەکەی کەشتیگەلەکە دابوون دەستگیرکراون.  
 
رێناس ئیبراهیمی، چالاکڤانە و لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا دەڵێت، "بۆ ئیسرائیل کە دژی خواستی خۆمان مامەڵەمان لەگەڵدا دەکات، ئێستا کاتی ئەوەیە داوا لە بەرپرسانمان بکەین هەموو هاوئاهەنگییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە رابگرن کە جینۆسایدی خەڵکی کردووە." 
 
چالاکڤانەکان لە نیوەی دووەمی ئابی ئەمساڵەوە لە بارسیلۆنای ئیسپانیاوە دەستیان بە جووڵە بەرەو غەززە کرد، ئەمە بە ئامانجی شکاندنی گەمارۆ و گەیاندنی هاوکاری بە کەرتەکە.
 
بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، پێش دەستگیرکردنیان ئاگاداریان پێدرابوو دوورکەونەوە. ئاماژە بەوەش دەکەن، ئەوەی کردوویانە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیان بووە. 
 
ئیلی شمول، فەرماندەی پۆلیسی لاخیش دەڵێت: "لە کاتی رۆژی کیپوردا، پۆلیسی ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبوونەوە و رێگریک لە کەشتیگەلەکە بۆ گەیشتن بە غەززە کرد. زیاتر لە 600 پۆلیس، چاودێری بەندینخانە و کارمەندی دەستەی کۆچی ئیسرائیل بەشدارییان کرد. ئەو کەسانەمان پشکنین، ناومان تۆمارکردن و بەڵگەنامەشمان لێوەرگرتن". 
 
نکیۆس زوایلڤیلیلی ماندێلا، چالاکڤانە و خەڵکی ئەفریقای باشوورە، ئەویش ڤیدیۆیەکی تۆمارکردووە، تێیدا دەڵێت: "ئەگەر ئەم ڤیدیۆیەتان بینی، مانای وایە رێگریمان لێکراوە و لەلایەن دەسەڵاتی دڕندەی ئیسرائیلەوە دەستگیرکراوین. داوای زۆرترین گوشار لە حکومەتی وڵاتەکەم دەکەم بۆ ئەوەی هەموو هەوڵێک بدات بە زووترین کات ئازادبکرێم." 
 
کەشتیگەلی خۆڕاگری لە 45 بەلەم پێکدێت کە ژمارەیەک چالاکڤان و سیاسەتڤانی ژمارەیەک وڵاتی جیهانی تێدایە. بە گوتەی خۆیان، ئەو هەوڵەیان بۆ شکاندنی گەمارۆی ئیسرائیلە لەسەر غەززە کە بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان تەواوی دانیشتووانی کەرتەکە برسین و ئاسایشی خۆراکیان نییە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە