ئیسرائیل هێرشی کردە سەر پردەکانی رووباری لیتانی لە باشووری لوبنان

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، پێگەکانی حیزبوڵڵای لە باشووری لوبنان بۆردوومان کردووە، ئەوەش کەمێک دوای ئەوەی فەرمان بە سوپای وڵاتەکە کرا بۆ وێرانکردنی پردەکانی سەر رووباری لیتانی.
 
میدیای فەرمیی لوبنان رایگەیاند رۆژی یەکشەممە، 22ی ئادار، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر چەندین ناوچە لە باشووری وڵاتەکە. ئەمەش پەرەسەندنێکی نوێی تووندوتیژییەکانە لە لوبنان دوای دوو رۆژ لە نیمچە هێوربوونەوەی دۆخەکە. 
 
2ی ئادار حیزبوڵڵا دەستیکرد بە هاویشتنی مووشەک بۆ سەر ئیسرائیل وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران. لەوکاتەوە ئیسرائیل رووبەرێکی زیاتری لوبنانی داگیرکردووە و هێرشی ئاسمانیی بەرفراوانی کردووەتە سەر باشووری وڵاتەکە، حیزبوڵڵاش بەردەوامە لە مووشەکبارانکردنی دووژمنەکەی. 
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە "شەپۆلێکی فراوانی هێرش"ی دژی ژێرخانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان دەستپێکردووە. پێشتریش لە رۆژی یەکشەممە، ئیسرائیل رایگەیاند، بەهۆی مووشەکەکانی لوبنانەوە کەسێک کوژراوە، کە ئەمە یەکەمین قوربانییە لە ئیسرائیل بەهۆی هێرشی حیزبوڵڵاوە لەوەتەی جەنگەکە لە سێ هەفتەی رابردوودا هەڵگیرساوە. پێشتریش دوو سەربازی ئیسرائیلی لە باشووری لوبنان کوژرابوون.
 
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە 4 کەس لە دوو هێرشدا لە باشووری وڵات کوژراون. بەپێی ئاماری دەسەڵاتدارانی لوبنان، لە ماوەی سێ هەفتەی جەنگدا هەزار 29 کەس کوژراون و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش ئاوارە بوون.
 
کردنە ئامانجی پردەکان
 
یەکەی وەڵامدانەوەی فریاگوزاریی ئیسرائیل (ZAKA 360) رایگەیاند، کەسێک گیانی لەدەستداوە دوای ئەوەی مووشەکێک بەر ئۆتۆمبێلەکەی کەوت کە "لە لوبنانەوە هەڵدرابوو". فەرمانگەی ئاگرکوژاندنەوەش گوتی، دوو ئۆتۆمبێل لە کۆمەڵگەی میسگاف عام لە باکووری ئیسرائیل دوای "پێکانێکی راستەوخۆ" سووتاون.
 
 
حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، چەکدارەکانیان "بە گورزە مووشەکێک، کۆبوونەوەیەکی سەربازانی دوژمنی ئیسرائیلییان لە میسگاف عام کردووەتە ئامانج." ئەمە یەکێک بوو لەو زنجیرە هێرشانەی کە گرووپەکە رۆژی یەکشەممە بەرپرسیارێتیی خۆی لێیان راگەیاند، کە زۆربەیان دژی سەربازانی ئیسرائیل بوون لە باکووری ئیسرائیل و باشووری لوبنان، لەو شوێنانەی کە سەربازانی ئیسرائیلی داگیریان کردوون.
 
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی کە ئەو و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، فەرمانیان بە سوپا کردووە "دەستبەجێ سەرجەم ئەو پردانەی سەر رووباری لیتانی وێران بکەن کە بۆ چالاکیی تیرۆریستی بەکاردەهێندرێن، ئەوەش بۆ رێگریکردن لە جووڵەی تیرۆریستانی حیزبوڵڵا و چەکەکانیان بەرەو باشوور."
 
رووباری لیتانی بە دووریی نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە باکووری سنووری ئیسرائیلەوە هەڵکەوتووە. دواتر سوپای ئیسرائیل پردی سەرەکیی قاسمیەی بۆردوومان کرد، کە دەکەوێتە سەر رێگەیەکی خێرای سەرەکی لە دەرەوەی شاری سوور. بەشێکی پردەکە وێران بوو.
 
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، ئیسرائیل هێرشی کردبووە سەر دوو پردی دیکەی سەر لیتانی و رایگەیاندبوو لەلایەن حیزبوڵڵاوە بەکاردەهێندران.
 
کوژرانی فەرماندەیەکی حیزبوڵڵا
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد کە فەرمان بە سوپا کراوە "خێراتر خانوو و باڵەخانەکانی لوبنان لە گوندە سنوورییەکان بڕووخێنن بۆ پووچەڵکردنەوەی هەڕەشەکان بۆ سەر کۆمەڵگە ئیسرائیلییەکان." ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی لوبنان (NNA)یش بڵاویکردەوە کە لانیکەم هێرشێک کراوەتە سەر دۆڵی بیقاع لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە.
 
حیزبوڵڵا رایگەیاند، چەکدارەکانیان چەندین جار سەرباز و ئۆتۆمبێلی ئیسرائیلییان لە ناوەوە یان نزیک شارۆچکەی سنووریی تەیبە کردوونەتە ئامانج، هەروەها لە نزیک شارۆچکەی ستراتیژیی خیام، کە گرووپەکە دەڵێت لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین جار هێزەکانی ئیسرائیلی تێدا کردووەتە ئامانج. رۆژی شەممەش حیزبوڵڵا رایگەیاندبوو چەکدارەکانیان لە خیام و شارۆچکەی کەنار دەریای ناقوورە رووبەڕووی هێزەکانی ئیسرائیل بوونەتەوە.
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، رۆژی شەممە چەکدارێکیان کوشتووە کە "فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی هێزی رەزوانی حیزبوڵڵا" بووە. ئیسرائیل هۆشداریی داوەتە دانیشتووانی ناوچەیەکی بەرفراوانی باشووری لوبنان کە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و دەڵێت دەیەوێت ناوچەیەکی دابڕێنەر لە لوبنان دروست بکات بۆ پاراستنی دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل چووەتە شوێنی بۆردوومانەکە

نەتەنیاهوو: ئەوەی لەم چەند رۆژەدا روویداوە بۆ هەموو لایەکی روون دەکاتەوە کە ئێران مەترسییە

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی نوێدا هێرشە مووشەکییەکانی ئەم دواییەی ئێرانی وەک بەڵگەی مەترسیی ئەو وڵاتە بۆ سەر جیهان وێنا کرد و دوو ئامانجی سەرەکیی جەنگەکەیانی ئاشکرا کرد، کە بریتین لە لەنێوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و رەخساندنی زەوینە بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە.