رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە راپۆرتێکی شیکاریی بەرفراواندا ئاشکرای کرد، ئەو پلانەی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) هەیبوو بۆ بەرپاکردنی راپەڕینێکی ناوخۆیی لە ئێران هاوکات لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکان، تاوەکو ئێستا شکستی هێناوە. راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر رۆڵی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و نیگەرانییەکانی ئەمریکا لەو بارەیەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، پێش دەستپێکردنی جەنگەکە، دەیڤد بەرنیاع، سەرۆکی مۆساد پلانێکی بردووەتە بەردەم بنیامین نەتەنیاهوو و دواتریش لە واشنتن خستوویەتە بەردەم بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ. پلانەکە ئەوە بووە، دوای کوشتنی سەرکردەکانی ئێران لە چەند رۆژی یەکەمی جەنگدا، مۆساد ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆ دەجووڵێنێت و راپەڕین هەڵدەگیرسێنێت بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی ئێران، بەمەش جەنگەکە بە خێرایی کۆتایی دێت.
ترەمپ و نەتەنیاهوو پێشوازییان لە پلانەکە کرد، بەڵام ئێستا کە 3 هەفتە بەسەر جەنگدا تێپەڕیوە، هیچ راپەڕینێک رووینەداوە و دەسەڵاتی ئێران هێشتا ماوە.
رۆڵی هێزە کوردییەکان و بۆردوومانی رۆژئاوای ئێران
نیویۆرک تایمز دەنووسێت، یەکێک لە بەشە سەرەکییەکانی پلانی مۆساد، "پاڵپشتیکردنی هێرشێکی زەوینی بووە لەلایەن هێزە چەکدارە کوردەکانی ئێرانەوە کە لە باکووری عێراق جێگیرن."
رۆژنامەکە دەڵێت، مۆساد و دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) مێژوویەکی درێژیان لەگەڵ گرووپە کوردییەکان هەیە و لە ساڵانی رابردوودا چەک و هاوکارییان پێداون.
هەر لەبەر ئەم پلانەش بووە کە لە چەند رۆژی یەکەمی جەنگدا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە چڕی ئامانجە سەربازی و ئەمنییەکانیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان کرد، بۆ ئەوەی رێگە خۆش بکەن بۆ پێشڕەویی هێزە کوردییەکان. ناداف شۆشانی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە 4ی ئادار دانی بەوەدا نابوو کە هێرشی چڕیان بۆ رۆژئاوای ئێران واتە رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە بۆ "تێکشکاندنی تواناکانی دەسەڵاتی ئێران و کردنەوەی رێگەی بەرەو تاران".
ترەمپ و بافڵ تاڵەبانی دژی جووڵەی هێزە کوردییەکانن
سەرەڕای پلانی مۆساد، بەرپرسانی ئەمریکا ئێستا بە پەرۆش نین بۆ بەکارهێنانی کورد وەک هێزی بەوەکالەت، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی لەگەڵ ئیسرائیل.
لە 7ی ئادار، واتە دوای هەفتەیەک لە جەنگ، ترەمپ بە ئاشکرا گوتی، رێنمایی داوەتە سەرکردە کوردەکان هێز نەجووڵێنن. سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "نامەوێت کوردەکان بچنە ژوورەوە. نامەوێت ببینم کوردەکان ئازار بچێژن یان بکوژرێن."
لە لایەکی دیکەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیووز رەتیکردەوە هیچ پلانێکی لەو شێوەیە هەبێت. بافڵ تاڵەبانی هۆشداریدا کە پێشڕەویی کورد رەنگە ئەنجامی پێچەوانەی هەبێت و گوتی: "ئێرانییەکان زۆر ناسیۆنالیستن. باوەڕم وایە ئەگەر بترسن لەوەی کورد لە دەرەوە بێتە ناوەوە و وڵاتەکەیان دابەش بکات، رەنگە ئەمە ببێتە هۆی یەکگرتنی خەڵک دژی ئەم بزووتنەوەیە."
جگە لەوەش، راپۆرتەکە دەڵێت، تورکیا کە هاوپەیمانی ناتۆیە، هۆشداریی تووندی داوەتە ئیدارەی ترەمپ کە پاڵپشتی لە هیچ جووڵەیەکی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەکات.
بۆچی راپەڕین لە ناوخۆی ئێران روونادات؟
بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا لە سەرەتاوە گومانیان لە پلانی مۆساد هەبووە. نەیت سوانسن، بەرپرسی پێشووی وەزارەتی دەرەوە دەڵێت: "خەڵک نایەنە سەر شەقام چونکە گولـلەیان پێوە دەنرێت و کۆمەڵکوژ دەکرێن."
دۆناڵد ترەمپیش گەیشتووەتە هەمان ئەنجام و لە 12ی ئادار گوتی: "خەڵک چەکیان نییە و هێزە ئەمنییەکان بە دۆشکە دەیانکوژن ئەگەر خۆپیشاندان بکەن."
بەڵام ئیسرائیل هێشتا بێهیوا نەبووە. مایکڵ لەیتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتن بە کەناڵی سی ئێن ئێنی گوت: "پێویستمان بە هێزی زەوینییە، بەڵام دەبێت ئەو هێزە ئێرانی بێت. پێشموایە بەڕێوەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ