هێڵی زەردی کەرتی غەززە چییە؟ ئەمریکا ئەو بەشە نۆژەن دەکاتەوە ئیسرائیل کۆنترۆڵی کردووە

03-11-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لە پێشنیازە سەرەکییەکان ئەمریکا بۆ بونیاتنانەوەی کەرتی غەززە، کە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ پێشکێشی وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەت وڵاتانی کەنداوی کردووە بریتییە لە دروستکردنی زیاتر لە 10 ناوچەی نیشتەجێبوون لە بەشی رۆژهەڵاتی کەرتەکە، ئەو بەشەی لەژێر کۆنترۆڵی سوپای ئیسرائیلدایە و بە ناوچەی هێڵی زەرد ناسراوە.
 
چەند دیپلۆماتکارێکی عەرەبی بە میدیای ئیسرائیلیان راگەیاندووە، پرۆژەکەی ئەمریکا بە "غەززەی نوێ" ناسراوە و لە بەشی رۆژهەڵاتی هێڵی زەرد دەکرێت.
 
جارید کوشنەر، راوێژکاری باڵا و زاوای سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە داوە، واشنتن دەیەوێت لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیل و هێڵی زەرد، بەتایبەتیش لە شاری رەفەحی باشووری غەززە، دەست بە پرۆسەی بونیاتنانەوەی ئەو کەرتە بکات.
 
بەگوێرەی ئەو پێشنیازەی ئەمریکا، پێشبینی دەکرێت نزیکەی ملیۆنێک فەلەستینی، کە نزیکەی نیوەی دانیشتووانی کەرتی غەززە دەکات، بگوازرێنەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل.
 
ئەو دوو دیپلۆماتکارە عەرەبە کە ئاگاداری پلانەکەی ئەمریکان، رایانگەیاندووە، ئەو ناوچانە لە ماوەی دوو ساڵدا نۆژەن دەکرێنەوە، تەنانەت ئەگەر سوپای ئیسرائیل تاوەکو ئەو کاتەش نەکشێنەوە، بەڵام ئەو دیپلۆماتکارانە، ئەو پێشنیازە بە "ناواقیعی" دەبینن.
 
یەکێک لە دیپلۆماتکارە عەرەبەکان، لەبارەی پلانەکەی ئیدارە ترەمپەوە بۆ داهاتووی کەرتی غەززە دەڵێت، "رەنگە فەلەستینییەکان نەیانەوێت لەژێر دەسەڵاتی حەماس دا بژین، بەڵام ئەو بیرۆکەیەی کە ئەوان ئامادەن و روو لەو ناوچانە بکەن بۆ ژیان کە لەژێر داگیرکاریی ئیسرائیلدایە و لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەو لایەنەدا بن کە ئەوان بە بەرپرسیاری دەزانن لە کوشتنی زیاتر لە 70 هەزار لە کەسوکاریان، بیرۆکەیەکی خەیاڵییە."
 
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسێکی ئەمریکی ئەو راپۆرتانەی رەتکردەوە، بەوەی ئیدارەی ترەمپ بڕیاری لەسەر هیچ پلانێکی تایبەت بە نۆژەنکردنەوەی کەرتی غەززە نەداوە و جەختی لەوەش کردەوە، هێشتا هەوڵەکان لە قۆناخە سەرەتاییەکاندایە و زۆر بیرۆکە هەن، تاوتوێ دەکرێن.
 
یەکێک لەو بیرۆکانە لە سەنتەری هەماهەنگیی سڤیل و سەربازیی ئەمریکا تاتوێ کراوە، دروستکردنی پشتێنێکی مرۆیی لەسەر هێڵی زەردە، لەگەڵ دانانی 16 ناوەندی دابەشکردنی خۆراک و پێداویستی، هاوشێوەی ئەو ناوەندانەی ئێستا لەلایەن چەند رێکخراوێکەوە بەڕێوەدەبرێن.
 
لە هەمان کاتدا، دیپلۆماتکارەکان ئاماژەیان بەوە داوە، ئەمریکا دەیەوێت هێزەکانی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی لە داهاتوویەکی نزیکدا لە بەری هێڵی زەرد پێکبێت و جێگیر بکرێن، ئەو ناوچەیەی ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی حەماسدایە و ئاشکرایان کردووە ئەم بیرۆکەیە لەلایەن هەریەک لە وڵاتانی سعودیە و ئیماراتەوە ئاڵنگاریی بۆ دروستکراوە، کە ئەمریکا هیوادارە ئەو دوو وڵاتە شان بە شانی قەتەر، رازی بن بەوەی دابینکاری سەرەکیی دارایی پرۆژەکە بن.
 
لە کاتێکدا ترەمپ رایگەیاندووە، وڵاتان بەپەرۆشن بۆ چوونە نێو هەوڵەکانی چەکداماڵینی حەماس، بەڵام ئەو دوو دیپلۆماتکارە عەرەبە جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە، ئەمە دوورە لە راستییەوە و ئەو دوو دیپلۆماتکارە عەرەبە دەڵێن، "رەنگە وڵاتانی وەک ئیندۆنیزیا، ئازەربایجان، تورکیا و میسر پێشنیازی ناردنی سەربازیان بۆ کەرتی غەززە کردبێت، بەڵام بەبێ وەرگرتنی هیچ گەرەنتی یان رێککەوتنێک لەگەڵ حەماس، لانیکەم هەندێک لە چەکەکانی دابنێت."
 
یەکێک لەو دوو دیپلۆماتکارە عەرەبە پێشنیازی ئەوەی کردووە، ئەگەر هێزی ئاشتیپارێز، سەرەتا لە بەشی رۆژهەڵاتی هێڵی زەرد جێگیر بکرێن، لەجیاتی سوپای ئیسرائیل، ئەوکات ئەمریکا ئەرکەکەی ئاسانتر دەبێت بۆ راکێشانی وڵاتان بۆ نێو رێککەوتنی چەکداماڵینی حەماس و بەشداریکردن لە هێزی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی لە کەرتی غەززە.
 
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو دوو دیپلۆماتە رایانگەیاندووە، تائێستا روون نییە ئایا کوشنەر و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا، کە بەرپرسن لە دۆسیەی غەززە، گوێ لەو پێشنیازانەی وڵاتانی عەرەبی دەگرن یان نا.
 
یەکێک لە دیپلۆماتکارەکان ئاماژەی بەوە کردووە، وڵاتانی عەرەبی بەئاگاوە لەو پرسەدا مامەڵە بکەن و هەوڵ بدەن لایەنە سەرەکییەکانی پلانی ئەمریکا بۆ غەززەی دوای جەنگ بە شێوەیەک رابگرن، بێ ئەوەی ترەمپ تووڕە بکەن.
 
بەرپرسانی ئەمریکاش رایانگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ هیوادارە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە، پرۆژەیاسایەک پێشکێش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن، لەبارەی دامەزراندنی هێزی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی و پێش سەردانەکەی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بۆ کۆشکی سپی لە 18ی تشرینی دووەم، کە وەک وادەیەکی گرنگ بۆ هەوڵەکانی بونیاتنانەوەی کەرتی غەززە دادەنرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە