رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا رایگەیاند، بە تووندی هەڵکشانە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە سووریا سەرکۆنە دەکەین.
ئەمڕۆ سێشەممە، گیێر پیدەرسن رایگەیاند، بە تووندی هەڵکشانی سەربازیی بەردەوامی ئیسرائیل لە سووریا، بە ئاسمانییەکانیشەوە، سەرکۆنە دەکەین.
لە راگەیێندراوەکەدا کە بەناوی پیدەرسنەوە بڵاوکراوەتەوە، لە زاری ئەوەوە دەڵێت: بە قووڵی نیگەرانە لە پێشێلکردنی بەردەوامی رێککەوتننامەی جیاکردنەوەی هێزەکانی ساڵی 1974. ئەو کردەوانە قبووڵ ناکرێن و مەترسی زیاتر ناسەقامگیرکردن و دۆخێکی ناجێگیر دروست دەکەن و گرژییەکانی ناوچەکە زیاتر دەکەن.
رێککەوتننامەی 1974، جیاکردنەوەی هێزەکانە کە لە نێوان سووریا و ئیسرائیل لە دوای جەنگی تشرینی یەکەمی 1973 واژۆ کرا.
رێککەوتننامەکە بووە هۆی دامەزراندنی ناوچەی دابڕاو (buffer zone) لە نێوان هێزەکانی سووریا و ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی گۆلان و هێزێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێریی بکات و لە رێگەی ئەم رێککەوتننامەیەوە، سنوورێکی سەربازی بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە دانرا.
لە راگەیێندراوەکەی پیدەرسن دا هاتووە: ئەم پێشتهاتانە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژی و گواستنەوەیەکی سیاسی بەردەوام، بەپێی بنەما سەرەکییەکانی بڕیاری 2254ـی ساڵی 2015ـی ئەنجوومەنی ئاسایش لاواز دەکەن.
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، داوا لە ئیسرائیل دەکات پێشێلکارییەکان رابگرێت، پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، خۆی لە رێوشوێنی یەکلایەنە دوور بگرێت کە ناکۆکییەکان خراپتر دەکەن.
پیدەرسن، ئەو داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات رێز لە سەروەری، یەکێتی، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی سووریا بگرن. "دیالۆگی بونیاتنەر و پابەندبوونی تەواو بە رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و یاسای نێودەوڵەتی، بۆ ئاسایشی سووریا و ناوچەی بەرفراوانتر پێویستن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ