نەتەنیاهوو هێرش دەکاتە سەر قەتەر و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش وەڵامی دەداتەوە

04-05-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند، داوا لە قەتەر دەکات "واز لە یاریکردن بهێنێت" و بڕیار بدات لەگەڵ ئیسرائیلە یان حەماس.

قەتەر نێوەندگیرێکی سەرەکیی نێوان ئیسرائیل و حەماسە، بەڵام رۆژی شەممە، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، داوای لە قەتەر کرد خۆی لەنێوان "شارستانیەت و حەماس"دا یەکلا بکاتەوە.
 
نووسینگەکە نووسیویەتی: "ئیسرائیل شەڕێکی رەوا بە شێوازێکی رەوا دەکات. دوای ئەو کارەساتانەی کە لە 7ی ئۆکتۆبەر روویاندا، سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو جەنگیی رزگاری وەکو شەڕێک لە نێوان شارستانیەت و دڕندەیی پێناسە کردووە."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا هاتووە. "کاتی ئەوە هاتووە قەتەر کۆتایی بە یاریکردن لە نێوان هەردوولا بهێنێت، بڕیار بدات ئایا لەگەڵ لایەنی شارستانییەتە یان لەگەڵ لایەنی دڕندەیی حەماسە." 
 
قەتەر ئەو تۆمەتانەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی رەتکردەوە بە "دنەدان" پێناسەی کرد. 
 
ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە پۆستێکدا هەر لە رێگەی ئێکسەوە وەڵامی نووسینگەکەی نەتەنیاهووی دایەوە و رایگەیاند، "دەوڵەتی قەتەر ئەو قسە دنەدانانەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە تووندی رەتدەکاتەوە، کە بەهیچ شێوەیەک لە ئاستی بنەڕەتی بەرپرسیارێتی سیاسیی و ئەخلاقیدا نین".
 
ئەو بەرپرسەی حکومەتی قەتەر، رەخنە لە وێناکردنی شەڕی غەززە وەکو بەرگری لە شارستانییەت دەگرێت و بەراوردی کرد بەو دەسەڵاتدارانەی کە "لەرێگەی گێڕانەوەی هەڵەی چیرۆکەکان، پاساو دەهێننەوە بۆ ئەو تاوانانەی دژی خەڵکی سڤیل دەیکەن".
 
ئەنساری دەپرسێت، ئایا ئازادکردنی 138 بارمتە لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە بەدەستهاتووە، یان هەوڵەکانی نێوەندگیرییەکانی قەتەر؟ کە "بە ناڕەوا رەخنەی لێدەگیرێت و لەکەدار دەکرێت." 
 
قەتەر لەگەڵ میسر، رۆڵێکی باڵای هەبووە لە دانوستاندنەکان بۆ راگرتنی جەنگی 18 مانگەی غەززە و راگەیاندنی ئاگربەست لە دوو قۆناخدا، بەڵام  سەرەڕای هەوڵەکانی ئەو وڵاتە و میسر، تائێستا ئیسرائیل و حەماس ئامادەییان بۆ ئاگربەستێکی نوێ رانەگەیاندووە و هەردوولاش یەکدی تۆمەتبار دەکەن.
 
ئیسرائیل کە خوازیارە 59 بارمتەکەی دیکەی کە هێشتا لە غەززە دەستبەسەرن، بگەڕێنێتەوە، پێداگری لەوە دەکات حەماس دەبێت چەک دابنێت و هیچ رۆڵێکیشی لە داهاتووی کەرتی غەززەدا نەبێت، ئەمەش مەرجێکە حەماس رەتیدەکاتەوە.
 
لەبەرامبەردا، حەماس، پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات کە دەبێت رێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنانی هەمیشەیی شەڕ و کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتەکە بکرێت، وەکو مەرجێکی سەرەکی بۆ رێککەوتنێک کە تێیدا بارمتەکان ئازاد بکرێن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە