میسرییەک شامپانیا بە قورئاندا دەکات و فڕێی دەداتە نێو ئاوەوە

04-07-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هاووڵاتییەکی میسری کە پێشتر موسڵمان بووە و ئایینی خۆی بۆ مەسیحی گۆڕیوە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە بە گوتەی خۆی لە سعودیە تۆماریکردووە، هێرشدەکاتە سەر ئایینی ئیسلام و پەیامبەرەکەی و قورئانی پیرۆز، دواتر شەمپانیا بەسەر قورئاندا دەکات و فڕێی دەداتە نێو ئاوەوە، هەروەها پشتیوانی لە هەڵوێستەکەی سەلوان مۆمیکای پەنابەری عێراقی لە سوێد دەکات و بە "پاڵەوان" ناوی دەبات.
 
سەعید ئەبو مستەفا، کەسێکی بە رەچەڵەک میسرییە، چەند کاژێرێکی کەمە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و سووکایەتی بە قورئانی پیرۆز دەکات و خواردنەوە کحولییەکانی پێدا دەکات، دەڵێت: "پشتیوانی لە هەڵوێستەکەی برا و پاڵەوان سەلوان مۆمیکا دەکەم."
 
سەعید کە لە ڤیدیۆکەدا جگەرەیەکی بەدەستەوەیە لەسەر پردێک راوەستاوە و کاتی تۆمارکردنی گرتە ڤیدیۆییەکەی شەوە، دەڵێت، لە سعودیەوە ئەو کارە دەکات، جگە لەوەی چەند جارێک سوکایەتی بە کتێبی پیرۆزی موسڵمان دەکات، شامپانیا کە جۆرێکی خواردنەوە کحولییەکانە بەسەر قورئانەکەدا دەکات و دواتر قورئانەکە بە زەوییدا دەکێشێت.
 
سەعید ئەبو مستەفا خۆی بە دووژمنی ئیسلام و شەڕکەر لە دژی پەیامبەری ئیسلام دەناسێنێت، لە گرتەڤیدیۆییەکەدا لەسەر چەند سوورەتێک دەوەستێت و بەشێکیان لێدەخوێنێتەوە و هێرش دەکاتە سەر ئیسلام و موسڵمانان و دەڵێت، "یاسای عەرەبیی دواکەتوومان بەسەر دەسەپێنێت کە هی 1400 ساڵ لەمەوبەرە بۆ ئەوەی لە سەدەی بیست و یەک پێی بژین."
 
دواتر لەسەر لاپەڕەی سورەتی ئەنبیا لە قورئان دەوەستێت و تاوەکو سێ دەژمێرێت، لەسەر پردەکەوە قورئانەکە فڕێ دەداتە نێو رووبارەوە
 
سەعید ئەبو موستەفا لە هەژمارەکانی خۆی دەڵێت تەنیا باوەڕی بە خاچ هەیە و چەندینجار رووبەڕووی چەندین موسڵمان بووەتەوە و بەردەوام هێرشدەکاتە سەر ئیسلام.
 
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا هێرشدەکاتە سەر ڤیلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا کە لەدوای رووداوی سووتاندنی قورئان لە سوێد لە چەند رۆژی رابردوو قورئانی لە ئامێز گرت و گوتی سووتاندنی بە یاسا لە رووسیا قەدەخەیە. دەڵێت، ئەوەی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە داغستان کردی سیاسەتکردنە و بۆ راکێشانی سەرنجی موسڵمانانە کە شەڕ لە دژی ئۆکراینا دەکەن. 
 
رۆژی 28ـی ئەم مانگە کە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان بوو، پەناخوازێکی تەمەن 37 ساڵانی بە رەچەڵەك عێراقی لە سوێد بە ناوی سەلوان مۆمیکا لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵم کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
 
 ئەو کارە کاردانەوەی تووندی لەسەر ئاستی لایەنی فەرمی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و لەسەر ئاستی جەماوەریش بەدوادا هات. عێراق داوای رادەستکردنەوەی ئەو پەنابەرەی لە سوێد کردووە، بۆ ئەوەی بەپێی یاساکانی عێراق دادگایی بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە