ئەکتەر و گۆرانیبێژە کوردەکەی ئیسرائیل دژی راگرتنی جەنگی غەززەیە

04-08-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەکتەر و گۆرانیبێژە کوردەکەی ئیسرائیل، کە لە جەنگی غەززە دا بە سەختی بریندار بوو، رەخنە لە هەڵمەتێکی هونەرمەندانی ئیسرائیل دەگرێت بەوەی واژۆیان کۆکردووەتەوە و داوای ئاگربەست دەکەن.
 
رۆژی دووشەممە، 04ی ئابی 2025، ئیدان ئامێدی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ و ئەکتەری بەنێوبانگی ئیسرائیل، کە بە رەچەڵەک کوردە، کە لە جەنگی غەززەشدا بریندار بوو، رەخنەی تووندی لەو نزیکەی هەزار هونەردمەندە ئیسرائیلیانە گرت کە داوای کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە دەکەن و رایدەگەیێنێت، باشترە ئەوانەی داوای راگرتنی جەنگەکە دەکەن، پێویستە بچنە توونێلەکانی غەززە ئینجا داوای ئاگربەست بکەن.
 
رۆژی یەکشەممە، 03ی ئاب،  نزیکەی هەزار گۆرانیبێژ و ئاکتەری ئیسرائیلی واژۆیان کۆ کردەوە و رایانگەیاند: "داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە بەشدارن لە داڕشتن و جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتەی ئێستا کۆتایی پێ بهێنین، فەرمانی نایاسایی دەرنەکەن. تاوانی جەنگ نەکەن. واز لە بنەماکانی رەوشتی مرۆیی و بەهاکانی ئایینی جوو مەهێنن و شەڕ رابگرن، بارمتەکان ئازاد بکەن."
 
بەڵام هەرزوو ئیدان ئامێدی ئەستێرەی زنجیرەی بەنێوبانگی ئیسرائیلی 'فەوزا'، لە پەپامێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی "بۆ ساتێک بچنە نێو توونێلەکانەوە. تەنیا بۆ یەک رۆژ وەک دەیان هەزار سەربازی یەدەگ بجەنگن و ئینجا بڕۆن، داواکاری واژۆ بکەن."
 
ئامێدی هەروەها دەڵێت: "هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە، کە لە ناوچەیەکی ئاوها چڕی دانیشتوواندا کار بکات و هێندەی سوپاکەی ئێمە کەمترین زیانی گیانیی هاووڵاتیی سڤیلی لێبکەوێتەوە. ئەمە سەلمێنراوە. بڕۆن بپشکنن."
 
ئیدان ئامێدی لەدوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، وەک سەربازێکی یەدەگ بەشداری جەنگی غەززە کردووە و لە 8ی کانوونی دووەمی 2024دا لە شاری خان یونس لە باشووری ئەو کەرتە بە سەختی بریندار بوو.  
 
بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، دوای ئەوەی چەند سەربازێکی ئیسرائیلی کە ئیدانیش یەکێک بووە لەوان، هەوڵیانداوە چەند بارمتەیەک لەدەست چەکدارانی حەماس دەربهێنن، چەکدارانی حەماس رووبەڕوویان بوونەتەوە و بەوهۆیەوە چەند سەربازێکی سوپای ئیسرائیل بریندار بوون. 
 
ئیدان لە ساڵی 2017 بەشداری لە زنجیرە درامای فەوزا کردووە و تێیدا رۆڵی کەسێکی بەناوی (ساگی تزور) بینیوە.
 
ئیدان لە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی دیکەدا دەرکەوتووە و چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات و دژی حەماس شەڕ بکات. 
 
ئیدان ئامێدی،  کە بە رەچەڵەک کوردە، لەشاری قودس/ ئۆرشەلیم لەدایکبووە و لە ساڵی 2020، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، بەنیازە لە داهاتوودا سەردانی ئامێدی بکات و کۆنسێرتێک بکات.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە