وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا: درێژەپێدانی شەڕ چارەسەر نییە

05-02-2024
پەیمان محەممەد
نیشانەکردن گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئێران سەرکۆنەی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر چەند ئامانجێک لە یەمەن، عێراق و سووریا دەکات و دەڵێت، ''با تووڕەبوونی ناوچەکە تاقی نەکەنەوە."
 
رۆژی دووشەممە، 05-02-2024، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵاتیی ئێکس پۆستێکی کرد کە تێیدا سەرکۆنەی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر چەند ئامانجێکی یەمەن، سووریا و عێراق دەکات و هۆشداری دەداتە دوو وڵاتەکە لەوەی ''رق و تووڕەبوونی ناوچەکە تاقی نەکەنەوە."
 
ئەمیر عەبدوڵڵاهییان ئاماژەی بەوە کرد، لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا سەبارەت بە گرژییەکان هۆشداری داوە کە درێژەپێدانی شەڕ لە ناوچەکە چارەسەر نییە و باشتر وایە کۆتایی بە هێرشەکان بهێندرێت.
 
لە پەیامەکەی وەزیری دەرەوەی ئێراندا هاتووە، ''ئێمە ئاساییشی عێراق، سووریا، یەمەن و فەلەستین بە ئاسایشی خۆمان دەزانین."
 
شەوی دووی شوباتی 2024، هێزەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی کردە سەر چەند پێگەیەکی گرووپەکانی سەر بە تاران لە عێراق و سووریا، ئەوەش لە تۆڵەی هێرشە درۆنییەکەی رۆژی 28-1-2024 بوو، کە کرایە سەر بنکەی تاوەر22 لە ئوردن و تێیدا سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و 41 سەربازی دیکە برینداربوون. بەرەبەیانی رۆژی 4-2-2024یش ئەمریکا و بەریتانیا هێرشیان کردە سەر چەند ئامانجێکی حووسییەکان لە یەمەن.
 
لە ئەنجامی هێرشەکەی دووی شوباتی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان، 17 ئەندام و چەکداری کوژران و 25 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
هاوکات وەزارەتی بەرگریی سووریا راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر پارێزگای دێرەزوور لە سووریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ''هێزە داگیرکارەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک ناوچە و شار لە رۆژهەڵاتی سووریا و لە نزیک سنووری عێراق و سووریا.''
 
بە گوتەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، زیاتر لە 18 ئەندامی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە سووریا کوژراون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆسەر باشووری لوبنان

لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری لوبنان کەسێک کوژرا

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، رۆژی هەینی لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری وڵاتەکە، هاووڵاتییەک کوژراوە. ئەم رووداوە لە کاتێکدایە گرژییەکان لە سنوورەکاندا بەردەوامن و رۆژێک پێشتر ئیسرائیل چەندین هێرشی کرد و رایگەیاندبوو، پێگەکانی حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج