رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیێنێت، یەکڕیزیی بەرەی مقاوەمە لە هەموو کاتێک رێکخراوترە و ئێستا سەرنجی سەرەکییان لەسەر پشتگیریکردنی حیزبوڵڵای لوبنانە.
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، رۆژی یەکشەممە، 26-4-2026 لە پەیامێکدا رایگەیاند: "یەکڕیزی و یەکگرتوویی لە سەرانسەری بەرەی مقاوەمەدا لە هەموو کاتێک بەهێزتر و رێکخراوترە و ئەمڕۆ سەرنجی سەرەکی لەسەر پشتگیریکردنی حیزبوڵڵا و بەشەکانی دیکەی بەرەی مقاومەیە."
قائانی ئاماژەی بە مێژووی ململانێکان کرد و گوتی: "مێژوو گەواهی دەدات کە لە دەیەکانی رابردوودا، رژێمی زایۆنی هیچ شەڕێکی بە بەدیهێنانی ئامانجەکانی تەواو نەکردووە."
بە گوتەی فەرماندەی فەیلەقی قودس، "شکستی باشووری لوبنان، بەردەوامیی هەمان چارەنووسی مێژووییە" بۆ ئیسرائیل.
ئەم لێدوانانەی ئیسماعیل قائانی لە کاتێکدان کە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار. سەرەڕای هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چەسپاندنی ئاگربەست، پێکدادانەکان لە باشووری لوبنان بەردەوامن و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، حیزبوڵڵا بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات.
هەروەها دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد هیچ بەرهەمێکیان نەبووە و ئەمڕۆ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران جارێکی دیکە گەیشتەوە پاکستان، بەڵام تاوەکو ئێستا ترەمپ مکوڕە لەسەر نەناردنی شاندی ئەمریکا بۆ دانوستاندن و دەڵێت: "پێویست ناکات 16 کاژێر رێگە ببڕن بەبێ ئەوەی ئەنجامی هەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ