رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، کردارەکانی حیزبوڵڵا هەڕەشە لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەکەن و بەڵێن دەدات کە "بە تووندی" ئەو گرووپە بکاتە ئامانج.
رۆژی یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی هەفتانەی کابینەی حکومەتەکەی دا گوتی: "دەبێت ئەوە روونبکرێتەوە کە پێشێلکارییەکانی حیزبوڵڵا، لە کردەوەدا، خەریکە ئاگربەستەکە هەڵدەوەشێننەوە."
رۆژی 7ـی نیسان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی جەنگی لوبنانی راگەیاند. بەپێی مەرجەکانی ئاگربەستەکە کە هەفتەی رابردوو بۆ ماوەی 3 هەفتەی دیکە درێژکرایەوە، ئیسرائیل مافی وەڵامدانەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەکی ئەو گرووپەی بۆ خۆپارێزی هەیە.
نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان بە تووندی و بەگوێرەی ئەو رێککەوتنانەی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لوبنانیش کراون، کار دەکەن. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "ئەمە بە واتای ئازادیی کردار دێت، نەک تەنیا بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکان، بەڵکو بۆ پێشگیریکردن لە هەڕەشە دەستبەجێیەکان و تەنانەت ئەو هەڕەشانەی کە خەریکە سەرهەڵدەدەن."
ئەم لێدوانانەی نەتەنیاهوو لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا سوپای ئیسرائیل چەندین پێشێلکاریی لە لایەن حیزبوڵڵاوە تۆمار کردووە و هۆشداریی داوە کە رێگە نادەن هیچ گرووپێکی چەکدار سەربازەکانیان یان کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکانی باکووری وڵاتەکەی بخەنە ژێر مەترسی و گوشارە سەربازییەکانەوە.
رۆژی 2ـی ئادار، جەنگی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل دەستیپێکرد. گرووپەکە لە تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران، دەستی بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل کرد و ئەویش بە ئۆپەراسیۆنی زەوینی و بۆردوومان وەڵامی دایەوە. ئێستا ناوچەکە لەژێر سایەی ئاگربەستێکی کاتی دایە کە لە لایەن واشنتنەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ