ترەمپ پێشنیازی پەیوەندی تەلەفۆنی ئێران دەکات و عێراقچیش لە مۆسکۆ لەگەڵ پووتین کۆدەبێتەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەحمەد تەڵعەت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی یەکشەممە 26-4-2026  بە سەردانێکی کورت گەڕایەوە ئیسلاماباد، ئەوە لە کاتێکدایە سەرکردایەتیی سیاسی و سەربازیی پاکستان هەوڵدەدەن گڕی دانوستاندنەکانی ئاگربەست لەنێوان تاران و واشنتن خۆش بکەنەوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند دەتوانن لەبری ناردنی شاند، لە رێگەی تەلەفۆنەوە گفتوگۆ بکەن.
 
میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، عێراقچی شەوی شەممە، 25-4-2026  ئیسلامابادی بەجێهێشت، ئەوەش جۆرێک لە تەمومژاوی لەسەر گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان دروستکرد، بەڵام پێش ئەوەی بەرەو مۆسکۆ بەڕێبکەوێت، دووبارە گەڕایەوە پایتەختی پاکستان، وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتر لە عومان بوو، عومان وەکو نێوەندگیری سەرەکی لە ململانێی تەنگەی هورمزدا رۆڵ دەگێڕێت.
 
بڕیاریشە رۆژی دووشەممە 27-4-2026 لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆببێتەوە، کازم جەلالی، باڵیۆزی ئێران لە پاکستان رایگەیاند:" هەردوولا گفتوگۆ لەسەر ئاگربەست دەکەن، ئێران پێشنیازی خۆی بۆ کۆتایی جەنگ بۆ مۆسکۆ دەخاتەڕوو.''
 
هەفتەی رابردوو کۆشکی سپی رایگەیاند، هەریەک لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر وەکو نێردەی تایبەت دەنێرێتە ئیسلاماباد بۆ بەدواداچوونی گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ ئێران بەڵام دوای بەجێهێشتنی ئیسلاماباد لەلایەن عێراقچییەوە،ترەمپ رایگەیاند گەشتەکەی هەڵوەشاندووەتەوە، چونکە پێشکەوتن لەگەڵ ئێراندا نییە.
 
ترەمپ رۆژی یەکشەممە بە کەناڵی (فۆکس نیوز)ـی راگەیاند: "ئەگەر ئەوان بیانەوێت، دەتوانین قسە بکەین، بەڵام ئێمە خەڵک نانێرین." هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش نووسیویەتی: "هەموو ئەوەی پێویستە بیکەن تەنیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییە."
 
دوو بەرپرسی پاکستانی بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناویان رایانگەیاندووە، گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان لەنێوان هەردوولادا بەردەوامن. ترەمپ هەفتەی رابردوو ئاگربەستەکەی بۆ کاتێکی نادیار درێژکردەوە کە لە 7ـی نیساندا رێککەوتنی لەسەر کرابوو، بەڵام گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بۆ جەنگێک هەزاران کوژراوی لێکەوتووەتەوە و ئابووریی جیهانی هەژاندووە، هێشتا دوورە.
 
تەنگەی هورمز لە چەقی گفتوگۆکاندایە
 تەنگەی هورمز وەکو رێڕەوێکی گرنگی جیهانی هێشتالە چەقی ئاڵۆزییەکانە، چونکە ئێران هاتووچۆی تێدا سنووردار کردووە و ئەمریکاش گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرە ئێرانییەکان. بەرپرسێکی ناوچەیی دەڵێت ئێران دەیەوێت عومان رازی بکات بۆ پشتگیریکردن لە میکانیزمێک کە باج لەو کەشتیانە وەربگیرێت کە بە تەنگەکەدا تێپەڕ دەبن، بەڵام هێشتا وەڵامی عومان روون نییە.
 
ئەو بەرپرسە دەشڵێت، ئێران پێداگری دەکات لەسەر کۆتاییهێنان بە گەمارۆکانی ئەمریکا پێش لە دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی گفتوگۆکان، پاکستان و نێوەندگیرەکانی دیکەش هەوڵ دەدەن ئەو بۆشایییە گەورەیەی لەنێوان هەردوولادا هەیە پڕ بکەنەوە.
 
مەرجەکەی ترەمپ: نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت 
ترەمپ رۆژی شەممە بە رۆژنامەڤانانی گوت، تەنیا 10 خولەک دوای ئەوەی گەشتەکەی ویتکۆف و کوشنەری بۆ ئیسلاماباد هەڵوەشاندووەتەوە، ئێران پێشنیازێکی "زۆر باشتر"ـی ناردووە، هەرچەندە
وردەکاریی پێشنیازەکەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام جەختی کردەوە یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی ئەوەیە "نابێت ئێران چەکی ئەتۆمیی هەبێت."
 
بەگوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، تاران 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە رێژەی 60٪ هەیە، تەنیا هەنگاوێکی تەکنیکیی کورتی ماوە بۆ گەیشتن بە ئاستی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی.
سەید محەممەد عەلی، شرۆڤەکاری سیاسی لە پاکستان دەڵێت، دواکەوتنی گفتوگۆکان بەواتای شکستهێنان نایەت و دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکان بەرەو پێش دەچن، بەڵام پرۆسەکە پێویستی بە ئارامی هەیە، گوتیشی: "خاڵە باشەکە ئەوەیە ئاگربەستەکە بەردەوامە و هەردوولا ئارەزووی کۆتاییهێنان بە ململانێکەیان هەیە."
 
ئەوە لەکاتێکدایە لانیکەم 3375 کەس لە ئێران و 2،509  کەس لە لوبنان کوژراون، هەروەها 23 کەس لە ئیسرائیل  کوژراون، 21 کەسیش لە هەرێمی کوردستان شەهیدبوون کە لایەنێکی ململانێکان نییە، جگە لەوەش 10 لە وڵاتانی کەنداو گیانیان لەدەستداوە. لە ناو قوربانییەکاندا 15  سەربازی  ئیسرائیلی، 13  سەربازی ئەمریکی و 6 کارمەندی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان هەن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە