رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران رایدەگەیێنێت، "پاکستان نێوەندگیرێکی گونجاو نییە بۆ دانوستاندنەکان". دەشڵێت، "ئەوان هەمیشە بەرژەوەندییەکانی ترەمپ لەبەرچاو دەگرن"، لە کاتێکدا "نێوەندگیر دەبێ بێلایەن بێت."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ی نیسانی 2026، ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "پاکستان دۆست و دراوسێیەکی باشی ئێمەیە، بەڵام نێوەندگیرێکی گونجاو نییە بۆ دانوستاندنەکان و متمانەی پێویستی بۆ نێوەندگیری نییە."
گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەوان (پاکستانییەکان) هەمیشە بەرژەوەندییەکانی ترەمپ لەبەرچاو دەگرن و بە پێچەوانەی ویستی ئەمریکییەکان قسە ناکەن. بۆ نموونە ئامادە نین بە جیهان بڵێن کە ئەمریکا سەرەتا پێشنیازەکەی پاکستانی قبووڵ کرد، بەڵام دواتر لە قسەکەی پەشیمان بووەوە. ناڵێن، ئەمریکییەکان لە بابەتی لوبنان یان داراییە بلۆکەکراوەکانی ئێراندا هەندێک پابەندبوونیان هەبوو، بەڵام جێبەجێیان نەکرد."
ئیبراهیم رەزایی دەشڵێت: "نێوەندگیر دەبێت بێلایەن بێت، نەک ئەوەی هەمیشە بە لایەکدا بشکێتەوە (لایەنگری بکات)."
لە 28ی شوباتی 2026ـەوە جەنگی نێوان ئەمریکا/ئیسرائیل و ئێران دەستیپێکرد و دوای 40 رۆژ شەڕ، لە بەرەبەیانی 8ی نیسانی 2026 بە نێوەندگیری پاکستان ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی لە نێوان تاران و واشنتن راگەیێندرا.
رۆژی سێشەممە، 21ی نیسانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەر لە تەواوبوونی وادەکەی، بە شێوەیەکی تاکلایەنە ئاگربەستی درێژکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ