رووداو دیجیتاڵ
ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە دووەم سەردانیدا بۆ دیمەشق دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، جەختی لەسەر پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتیی رێککەوتنی نێوان حکومەتی کاتی و هەسەدە کردەوە و رایگەیاند، پاراستنی ئاسایشی فەرەنسا پەیوەستە بە تێکشکاندنی تیرۆر لە ناوچەکەدا.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد، پاریس و سەرۆککۆماری فەرەنسا رۆڵێکی سەرەکییان گێڕاوە لە دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ ئەو ئاڵۆزییانەی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دروستبووبوون. بارۆ گوتی: "ئێستا کە دەوڵەتی سووریا کۆنترۆڵی هەموو خاکەکەی کردووەتەوە، هاتووم تاوەکو لەگەڵ دەسەڵاتداران باسی رێگەکانی بەردەوامیی شەڕی دژی داعش بکەم."
پابەندبوون بە مافەکانی کورد
بارۆ، جەختی لە گرنگیی جێبەجێکردنی تەواوەتیی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم کردەوە، کە تێیدا تێکەڵکردنی هێز و ئیدارەی کورد لە ناو هێزە ئەمنییەکان و دەزگەکانی دەوڵەتدا چەسپێنراوە. ئەو گوتی: "پێویستە مەرسوومی سەرۆکایەتی بۆ دانپێدانان بە مافی زمان، کولتوور و پەروەردەیی کورد جێبەجێ بکرێت. چەندین هەنگاوی گرنگ ماون، لەوانە دیاریکردنی بەرپرسانی کورد لە ناو دەزگەکانی دەوڵەت، مەشقپێکردنی لیواکانی سەر بە هەسەدە و گەڕانەوەی ئاوارەکان."
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بڕیارە هەر ئەمشەو لە هەولێر لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد کۆببێتەوە.
ئاسایشی فەرەنسا و شەڕی داعش
بارۆ ئاماژەی بەوەکرد 10 ساڵ لەمەوبەر هێرشەکانی (باتاکلان) لە پاریس، لە ناو خاکی سووریاوە لەلایەن داعشەوە پلانڕێژییان بۆ کرابوو، بۆیە ئاسایشی فەرەنسییەکان لێرەدا یەکلایی دەبێتەوە. ئەو گوتی: "فەرەنسا 10 ساڵە بێ بەزەییانە شەڕی داعش دەکات و بەردەوامیش دەبێت. بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ریاز کۆببێتەوە."
بنیادنانەوە و هاوکاریی دوولایەنە
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بارۆ باسی لە ئارەزووی وڵاتەکەی کرد بۆ بەردەوامیی پشتگیریکردنی گواستنەوەی سیاسی لە سووریا و بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە هەموو بوارەکاندا. ئاماژەی بەوە کرد، کار دەکەن بۆ کاراکردنی ئەنجوومەنی کارزانیی فەرەنسا-سووریا و گەڕانەوەی پارە و موڵکە دزراوەکانی گەلی سووریا بۆ هاووڵاتییان، هەروەها پەرەپێدانی هاوکارییە پەروەردەیی و کولتوورییەکان.
لە کۆتاییدا بارۆ جەختی کردەوە، بنیادنانەوەی سووریا و گەڕانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەو وڵاتە تەنیا بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و بەردەوامیی شەڕی دژی داعش دەبێت، کە ئەوەش لە خاڵی لەپێشینەی کارەکانی فەرەنسادایە.
دەقی قسەکانی ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا:
"زۆر سوپاس بەڕێز وەزیر و دۆستی ئازیزم فوئاد، بۆ پێشوازیکردنم جارێکی دیکە لە بەغدا. ئەمە دووەمین سەردانی منە بۆ عێراق لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا، ئەمەش گەواهی دەدات، ئەگەر پێویست بکات، لەسەر هێز و جۆری هاوبەشییەکەمان و لەسەر ئەو گرنگییەی کە فەرەنسا بە بەردەوامیدان بە گفتوگۆیەکی بەردەوام لەگەڵ عێراق دەیدات. ئەم گفتوگۆ بەردەوامە لە چوارچێوەیەکی تایبەتدایە کە تایبەتمەندە بە گرژییەکی زۆری ناوچەیی، بەتایبەتی لە دەوروبەری عێراق، لەگەڵ مەترسی، کە هەمیشە هەیە، بۆ پەرەسەندنی سەربازی، تارمایی سەرهەڵدانەوەی داعش. شەڕی دژی تیرۆری ئیسلامیی تووندڕۆ، ئامانجی سەرەکییە بۆ سەردانە یەک لە دوای یەکەکانی من بۆ سووریا و عێراق لەمڕۆدا. من لەسەر ئەرکێکی دژە-داعش هاتووم؛ چونکە ئاسایشی ژنان و پیاوانی فەرەنسا لێرەش، لە عێراق و سووریا، رۆڵی هەیە و یەکلایی دەبێتەوە.
دوای 10 ساڵ لە هێرشەکانی باتاکلان، کە لەلایەن داعشەوە لە شانۆی ئۆپەراسیۆنەکانی سووریا-عێراقەوە پلانڕێژی بۆ کرابوو، فەرەنسا بێ وەستان و بێ بەزەییانە بەردەوامە لە شەڕی دژی تیرۆری ئیسلامیی تووندڕۆ. بە هەموو هێزی ئامرازە سەربازییەکانییەوە، وەک چۆن جارێکی دیکە بە هێرشەکانی رۆژی 3ـی کانوونی دووەم لە سووریا سەلماندی و لە چوارچێوەیەکی یاساییدا، کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە دژی داعش. سەربازانی فەرەنسی لێرە لەم شەڕەدا بەشدارن، لە عێراق، شانبەشانی برا چەکدارە عێراقییەکانیان. من کەمێکی دیکە چاوم پێیان دەکەوێت.
لەگەڵ وەزیری دەرەوە، دۆستم فوئاد حوسێن، بێگومان باسمان لە دۆخی سووریا کرد، کە هەردوو وڵاتەکەمان بە وریاییەکی زۆرەوە لەم هەفتانەی دواییدا چاودێرییان کردووە. لەگەڵ واژۆکردنی ئاگربەست لە نێوان حکومەتی دیمەشق و هێزە دیموکراتەکانی سووریا، کە ئێمە پێشوازی لێ دەکەین، لەم ئاڵوگۆڕەی ئێمەدا ئەوەم پاراستووە کە ئێمە هاوتەریب دەمێنینەوە سەبارەت بە ئامانج و چاوەڕوانییەکانمان، پشتگیریکردن لە پڕۆسەیەکی گواستنەوەی ئاشتییانە و گشتگیر بۆ هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا و بەردەوامبوون لە شەڕی دژی داعش. لەم بارەیەوە، جەختم لەسەر ئەو رۆڵە گەورەیە کردەوە کە عێراق گێڕاویەتی، کە بەرپرسیارێتی وەرگرتنی چەندین هەزار زیندانی گواستراوەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بۆ عێراق لە ئەستۆ گرتووە؛ عێراق دەتوانێت پشت بە پاڵپشتی ئێمە ببەستێت لەم چوارچێوەیەدا.
ئێمە هەروەها باسمان لە دۆخی ئێران کرد، کە من تووندترین سەرکۆنەی خۆمم دەربڕی بەرامبەر بەو سەرکوتکردنە خوێناوییەی کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دژی گەلی ئێران دەکرێت. لەبەرامبەر مەترسیی هەڵکشان، لەبەرامبەر ئەو دەرەنجامانەی کە ئەمە دەتوانێت بۆ عێراق و بۆ ناوچەکە هەیبێت، جەختم لەسەر پێویستییەکی مسۆگەر کردەوە کە ئێران لە دەستپێشخەریی دانوستاندنی ئەمریکییەکان سوودمەند بێت، کە بڕیاربدات بۆ سوودی گەورە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، لەسەر چەکە بالیستییەکەی، چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانی لە ناوچەکەدا، کە ئێران کۆتایی بە سەرکوتکردنی گەلەکەی بهێنێت.
لە هەموو ئێمە پشتگیری هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکەین کە ئامانجیان دۆزینەوەی چارەسەرێکی دانوستاندنکراوە و رێزگرتن لە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانمان و رێزگرتن لە مافە هەرە بنەڕەتییەکانی گەلی ئێران بێت.
سەقامگیری و ئاسایشی عێراق، کە بە ئارامی بەدەستهاتوون، دەبێت بپارێزرێن، بێ گوێدانە بارودۆخی ناوچەیی. ئەوان (سەقامگیری و ئاسایش) زۆر پێویستن بۆ بەردەوامبوون لە بووژانەوە و نوێبوونەوەی وڵاتەکە، کە هەموومان دەتوانین ئەمڕۆ بیبینین و بۆ تەواوی ناوچەکە، سەرچاوەی هیوایە. بۆیە ئێمە هیوادارین کە عێراق لەسەر ئەم رێگەیە بەردەوام بێت.
لەبەرامبەر قەیرانەکان، لەبەرامبەر گرژییەکان، لەبەرامبەر ئاستەنگە هاوبەشەکان لە هەموو بوارەکاندا، لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە کار بکرێت بۆ سەقامگیری و ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا. ئەم بۆچوونە هاوبەشە، وامان لێدەکات باسی ئامادەکردنی کۆنفرانسی سێیەمی بەغدا بکەین، دەستپێشخەرییەک کە هاوتایە لەگەڵ ئەو دیدگا ناوچەییەی کە فەرەنسا و عێراق هەڵیانگرتووە؛ واتا هێنانە پێشەوەی دەوڵەتانی بەهێز، سەروەر، گفتوگۆکردنی یەکسان، دوور لە دەستوەردانە دەرەکییە ناسەقامگیرکەرەکان؛ بۆ ئەوەی خزمەت بە سەقامگیری و یەکگرتنی ناوچەیی بکات؛ بەتایبەتی لەسەر ئاستی ئابووری، بە پڕۆژەی سنووربڕ لە بوارەکانی گواستنەوە، ئاو، و پێکەوەگرێدانی کارەبایی، بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەی ململانێ براکوژییەکان و دروستکردنی مەرجەکانی خۆشگوزەرانییەکی هاوبەش. ئێمە رێککەوتین کە پێکەوە کاربکەین بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی سێیەمی بەغدا هەرکە مەرجەکان لەباربوون.
عێراق چووەتە ناو سەردەمێکی نوێوە، بووژانەوەیەکی نوێ پێشکەش بە پەیوەندییە دوولایەنەکانمان دەکات. لەگەڵ ئێوە بەڕێز وەزیر، ئێمە پێداچوونەوەمان بە ئاسۆی هاوکارییەکانمان کرد، نایابن لە هەموو بوارەکاندا، وەک باستان کرد. ئێمە هەموو رۆژێک کاردەکەین بۆ قووڵکردنەوەی ئەو هاوبەشییە ستراتیژییەی کە هەردوو وڵاتەکەمان یەکدەخات، بە بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی، لە خزمەتی عێراقییەکان و لە خزمەتی فەرەنسییەکان.
لە دوای هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی رابردووەوە، فەرەنسا بە سەرنجەوە چاودێری پەرەسەندنی پڕۆسەی دامەزراوەیی لە عێراق دەکات. لە بەرژەوەندی عێراق و هەموومانە، ئەوە رای منە، کە سیاسەتی گەشەپێدان، چاکسازی، هەمەچەشنکردنی ئابووری و کرانەوە بەردەوام بێت و بەهێزتر بێت. سەقامگیری و بەردەوامی زۆر پێویستن بۆ داهاتووی عێراق.
بۆ کۆتاییپێهێنان و پێش ئەوەی بچمە لای سەرۆکوەزیران، کە من لەگەڵی باسی هەموو ئەم بابەتانەش دەکەم، دەمەوێت بیری هەمووان بهێنمەوە ئەو دۆستایەتییەی کە فەرەنسا و عێراق یەکدەخاتو ئەو پابەندبوونەشتان پێ بڵێم بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەکەمان وەک ئەوەی سەرۆککۆمار بۆ ماوەی نزیکەی 9 ساڵە بۆی هەوڵدەدات. فەرەنسا هەیە و لە تەنیشت عێراق دەمێنێتەوە. جارێکی دیکە زۆر سوپاس، ئازیزم فوئاد، بۆ پێشوازیکردنت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ