حکومەت بۆ ئەو هاونیشتمانییانەی لە ئیمارات گیریان خواردووە: دەتوانن بگەڕێنەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان مژدە دەداتە ئەو هاونیشتمانییانەی لەئیمارات گیریان خواردووە و رایدەگەیێنێت، دەتوانن لە رێگەی وشکانییەوە و بە ناو خاکی سعودیەدا بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
 
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەت بۆ هێنانەوەی ئەو هاونیشتمانییانەی بەهۆی هەلومەرجی ئێستاوە لە ئیمارات گیریان خواردووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق و حکومەتی سعودیە، رێگەی گەڕانەوەیان بۆ کراوەتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "شانشینی عەرەبی سعودیە، وەک هاوکارییەک، سنوورەکانی خۆی بەڕووی ئەو هاونیشتمانییانەدا کردووەتەوە کە دەیانەوێت لە رێگەی دەروازەی سنووریی (عەرعەر)ـەوە بگەڕێنەوە، بێ ئەوەی پێویستیان بە ڤیزای پێشوەختە هەبێت."
 
رێکارەکانی گەڕانەوە بەم شێوەیە دەبن:
 
1. هاونیشتمانییان دەتوانن لە ئیماراتەوە راستەوخۆ بچنە ناو خاکی سعودیە.
 
2. لە خاڵی سنووریی (البطحاء) لەنێوان ئیمارات و سعودیە، ڤیزایان پێدەدرێت.
 
3. لەوێوە دەچنە دەروازەی سنووریی (عەرعەر) لەنێوان سعودیە و عێراق.
 
4. لە رێگەی عەرعەرەوە دەگەڕێنەوە ناو خاکی عێراق و دواتریش هەرێمی کوردستان.
 
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە داوا لەو هاونیشتمانییانە دەکات کە ئارەزووی گەڕانەوەیان هەیە، سوود لەم دەرفەتە وەربگرن بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ناو ماڵ و خێزانەکانیان.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە