رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) رایگەیاند، لە ماوەی شەش رۆژی یەکەمی شەڕی نێوان ئێران و هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، 25 کارمەندی کەرتی تەندروستی لە ئێران بوونە قوربانی. ئاماژە بەوەش دەکات کە چەندین نەخۆشخانە و ناوەندی تەندروستی کراونەتە ئامانج.
رۆژی پێنجشەممە، 05-03-2026، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسەس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 13 هێرشیان بۆ سەر ناوەندە تەندروستییەکانی ناو خاکی ئێران و هێرشێکیان بۆ سەر ناوەندێکی تەندروستی لە لوبنان پشتڕاست کردووەتەوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوەکە، لەو هێرشانەدا 25 پزیشک و کارمەندی تەندروستی کوژراون و برینداربوون. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا، چوار ئەمبوڵانس بە تەواوی تێکشکاون و زیانی زۆریش بەر چەندین نەخۆشخانە کەوتووە.
یەکێک لەو رووداوانەی رێکخراوەکە تیشکی خستووەتە سەر، هێرشە مووشەکییەکەی رۆژی دووەمی شەڕە بۆ سەر باڵەخانەی ژمارە 2ی دامەزراوەی "دەنگ و رەنگ"ی ئێران (سەدا و سیما) لە تاران؛ بەهۆی نزیکیی شوێنی هێرشەکە، زیانێکی زۆر بەر نەخۆشخانەی "گاندی" کەوتووە کە یەکێکە لە نەخۆشخانە ناسراوەکانی پایتەختی ئێران.
تەندروستیی جیهانی نیگەرانیی خۆی لە بە ئامانجگرتنی ناوەندە خزمەتگوزارییەکان دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لە کاتی ململانێ چەکدارییەکاندا، پارێزبەندیی کارمەندانی پزیشکی و نەخۆشخانەکان بپارێزرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ