رووداو دیجیتاڵ
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل دەڵێ، ئامانجی سەرەکی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئێستا بۆسەر ئێران، بەدیهێنانی "گۆڕانکارییە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" و مەرج نییە گۆڕینی دەسەڵات بێت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل داوای هێرشی زەوینی ناکات.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی سی بی ئێسی ئەمریکی، هێرزۆگ گوتی، ئیسرائیل و ئەمریکا "بژاردەی زۆریان لەبەردەم نەبوو،" جگە لە جووڵانەوە و لێدان لە ئێران؛ گوتیشی: "کاتی ئەوە هاتووە هەمووان بە ئێران بڵێن: ئێمە بێزار بووین و ئەم دۆخە دەبێت بگۆڕدرێ."
ئامانجەکانی جەنگ
سەبارەت بەوەی ئایا ئامانجەکە گۆڕینی دەسەڵاتە، هێرزۆگ روونیکردەوە کە "مەرج نییە" ئەوە ئامانجی سەرەکی بێت، بەڵکو ئامانجەکە بریتییە لە:
یەکەم: ئیفلیجکردنی توانای ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
دووەم: وەستاندنی پاڵپشتیی دارایی بۆ گرووپە چەکدارەکانی وەک حەماس، حیزبوڵڵا و حووسییەکان.
سێیەم: گۆڕینی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
سەرۆکی ئیسرائیل گوتی: "بە هەر شێوەیەک بێت، ئەگەر ئەمە ببێتەهۆی گۆڕینی رژێم، ئەوا چەند زووتر بێت باشترە."
"پلانە نهێنییەکەی" ئێران
هێرزۆگ باسی لەوە کرد کە نیگەرانیی هاوبەشیان لەگەڵ واشنتن هەبووە سەبارەت بە "پلانێکی نهێنیی نوێ"ی ئێران بۆ پەلەکردن لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی؛ هەروەها زانیاریی هەواڵگرییان هەبووە کە تاران دەیەوێ کۆگای مووشەکە دوورمەوداکانی لە 2 هەزارەوە بۆ 20 هەزار مووشەک زیاد بکات.
تۆڕی سی بی ئێس ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسرائیل و ئەمریکا هیچ بەڵگەیەکیان نەخستووەتەڕوو بۆ سەلماندنی ئەوەی ئێران خەریکی دروستکردنی چەکی ئەتۆمییە.
هێرشی زەوینی ناکرێ
هێرزۆگ گوتی، داوای هێرشی زەوینی ناکەن و گوتی: "با بە روونی بیڵێم، من داوای هەبوونی هێز لەنێو گۆڕەپانەکەدا ناکەم. نە داوای ئەوە لە ئەمریکییەکان دەکەم، نە لە هیچ کەسێکی دیکە."
سەرۆکی ئیسرائیل هەروەها رەتیکردەوە کە ئیسرائیل ئەمریکای پەلکێشی ئەم شەڕە کردبێت و گوتی: "ئیسرائیل هیچ شتێک بەسەر سەرۆک ترەمپدا ناسەپێنێت."
راپرسی و رای گشتی
سەرۆکی ئیسرائیل دانی بەوەدا نا کە ئەم جەنگە "لە ئەمریکا پشتیوانی لێ ناکرێ"، بەڵام هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە خەڵک لە ئاڵۆزییەکانی جەنگ تێناگەن و بە جەنگەکانی پێشوو بەراوردی دەکەن.
بەپێی راپرسییەکی CBS، 62%ی ئەمریکییەکان پێیان وایە کۆشکی سپی ئامانجەکانی جەنگەکەی بۆ خەڵک روون نەکردووەتەوە.
سەبارەت بەوەی کێ لە داهاتوودا سەرکردایەتیی ئێران دەکات، هێرزۆگ گوتی: "ئەرکی ئێمە نییە بڕیار بدەین کێ سەرکردایەتیی ئێران دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ