پێنتاگۆن لە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئەمریکا، بەو مەبەستەی لە 24 کاژێری یەکەمی هێرشەکەی دا بۆ سەر ئێران لە 1,000 ئامانجی گەورە بدات، پشت بە نوێترین تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد دەبەستێت.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا، سیستمی ژیریی دەستکردی سوپای ئەمریکا بە ناوی "مەڤن" (Maven) کە کۆمپانیای پالانتیێر دروستی کردووە، زانیاری لە داتا نهێنییەکانی مانگە دەستکردەکان و سەرچاوە هەواڵگرییەکانی دیکە وەردەگرێت. سیستمەکە بەپێی گرنگییان ئامانجەکان دیاری دەکات و ریزبەندییان بۆ دەکات.
 
لەنێو ئەم سیستمەدا، ئامرازی ژیریی دەستکردی کۆمپانیای ئەنترۆپیک بە ناوی "کڵۆد" (Claude) دانراوە. لە ماوەی ساڵی رابردوودا، بەرپرسانی سەربازی بینیویانە کە کڵۆد لەگەڵ مەڤن دا پەرەی سەندووە و بووەتە ئامرازێک کە رۆژانە لە زۆربەی بەشەکانی سوپادا بەکاردێت.
 
لە کاتی پلاندانان بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران، سیستمی مەڤن سەتان ئامانجی پێشنیاز کرد، شوێنە جوگرافییەکانی دیاری کرد و بەپێی گرنگییان ریزبەندیی بۆ کردن. پێکەوە کارکردنی مەڤن و کڵۆد وایکردووە، کە هێرشەکە خێراتر بێت، هەروەها توانای ئێران بۆ وەڵامدانەوە کەمبکاتەوە و پلانی جەنگی چەند هەفتەیی بکاتە ئۆپەراسیۆنێکی خێرا. 
 
پۆڵ شار، جێگری سەرۆکی سەنتەری ئاسایشی نوێی ئەمریکی، لەبارەی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە جەنگدا دەڵێت، "گرنگە کە گەیشتووینەتە قۆناخێک کە ژیریی دەستکرد تەنیا بیرۆکە نییە، بەڵکو بۆ پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنە راستەقینەکان بەکاردێت." هەروەها دەڵێت "گۆڕانکاریی سەرەکی ئەوەیە کە ژیریی دەستکرد یارمەتیی سوپای ئەمریکا دەدات، ئامانجەکان زۆر خێراتر دیاری بکات، خێراتر لەوەی مرۆڤ بتوانێت بیکات."
 
پێنتاگۆن لە کۆتایی ساڵی 2024 دەستی کرد بە بەکارهێنانی چات بۆتی "کڵۆد"ی کۆمپانیای ئەنترۆپیک لەگەڵ سیستمی "مەڤن". ئەم سیستمە بۆ پێشنیازکردنی ئامانج، بەدواداچوونی پێداویستییەکان و کورتکردنەوەی زانیارییە هەواڵگرییەکان بەکارهات. ئیدارەی ترەمپ بەکارهێنانی "مەڤن"ی بۆ بەشەکانی دیکەی سوپا فراوان کرد. تاوەکو مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، زیاتر لە 20,000 کارمەندی پێنتاگۆن بەکاریان دەهێنا.
 
راپۆرتەکانی میدیای ئەمریکا باس لەوە دەکەن، کە ئەو فەرماندانەی ئێستا سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنی دژ بە ئێران دەکەن، شارەزاییان لە بەکارهێنانی "مەڤن" هەیە. ئەوان وەشانە کۆنەکانی سیستمەکەیان لە کاتی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە ساڵی 2021 و بۆ پشتیوانیکردنی ئیسرائیل دوای هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بەکارهێناوە. 
 
هێشتا روون نییە کە ئایا لیستی ئامانجەکانی "مەڤن" پێش هێرشەکە لەگەڵ ئیسرائیل دا هاوبەش کراوە یان نا، بەڵام هەردوو وڵات بۆ ماوەی چەند مانگێک هاوکاریی یەکتریان کردووە بۆ دیاریکردنی ئامانجەکان. سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان گوتی، "هەزاران کاژێر کاریان کردووە بۆ دروستکردنی لیستێکی گەورە و بەنرخی ئامانجەکان، ئەمەش بە هاوکاریی نزیک لەگەڵ سوپای ئەمریکا بووە."
 
ئەنترۆپیک یەکەم کۆمپانیای گەورەی ژیریی دەستکرد بوو کە لەگەڵ زانیاریی نهێنیدا کاری کرد. هەفتەی رابردوو، داریۆ ئامۆدێ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە گوتی کە کڵۆد بە شێوەیەکی بەرفراوان لە وەزارەتی بەرگری و دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکەدا بەکاردەهێنرێت بۆ شیکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان. ئامۆدێ لە پۆستێکدا نووسیبووی، "من باوەڕێکی زۆرم هەیە بەوەی کە پێویستە ژیریی دەستکرد بۆ بەرگریکردن لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی دیموکراتی بەکاربهێنرێت، هەروەها بۆ شکستپێهێنانی رکابەرەکانمان."
 
ناتۆ، ساڵی رابردوو گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای پالانتیێر واژۆ کرد. لەم دواییانەدا لە ڤیدیۆیەکدا، ناتۆ سیستمی مەڤنی وەکو ئەوە پێشان دا کە توانایەکی هاوشێوەی یارییە ڤیدیۆییەکان بە فەرماندەکان دەدات بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی شەڕەکان بکەن.
 
بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی جۆرج تاون، لەنێو سوپای ئەمریکادا، یەکەی 18ی ئاسمانی سیستمەکەی بەکارهێناوە. ئەم سیستمە وایکردووە کە یەکەیەک بە تەنیا 20 کەسەوە، بتوانێت کاری 2,000 کەس بکات.
 
ئێستا کۆمپانیاکانی دیکەی بواری ژیریی دەستکرد ئامادەن لە پێنتاگۆن شوێنی کۆمپانیای ئەنترۆپیک بگرنەوە. کۆمپانیای xAIی ئیلۆن مەسک هەفتەی رابردوو رێککەوتنێکی واژۆ کرد بۆ ئەوەی لەسەر سیستمە نهێنییەکانی حکومەت کار بکات. هەروەها کۆمپانیای OpenAI کە رکابەری سەرەکیی ئەنترۆپیکە، هەمان کاری کرد.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە