عێراقچی: چاوەڕێی هێرشی زەوینیی ئەمریکاین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، سوپای وڵاتەکەی بە تەواوی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی زەوینیی ئەمریکا ئامادەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تاران داوای ئاگربەستی نەکردووە. 
 
عێراقچی رۆژی پێنجشەممە، 5ى ئادارى 2026 لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (ئێن بی سی نیوز)ی ئەمریکی رایگەیاند: "ئێمە ناترسین، بەڵکو چاوەڕێی هێرشی زەوینیی ئەمریکییەکانین." 
 
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، سوپای وڵاتەکەی توانای بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە هێرشێکی هەیە و گوتی: "متمانەمان بە خۆمان هەیە کە دەتوانین رووبەڕوویان ببینەوە. ئەوە دەبێتە کارەساتێکی گەورە بۆیان."
 
عێراقچی وێڕای رەتکردنەوەی هەر جۆرە داوایەک بۆ ئاگربەست، ئاماژەی بەوە کرد کە لە جەنگی 12 رۆژەی حوزەیرانی رابردوودا ئەوە ئیسرائیل بوو داوای ئاگربەستی بێ مەرجی کرد، دوای ئەوەی تاران بەرگری کرد. 
 
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "ئێمە هیچ ئەزموونێکی ئەرێنیمان لەگەڵ ئەمریکا نییە. ساڵی رابردوو دانوستاندنمان کرد و ئەم ساڵیش سێ جار دانوستاندنمان کرد، بەڵام رێک لە نێوەڕاستی گفتوگۆکاندا هێرشیان کردە سەرمان، بۆیە هیچ هۆکارێک نابینین لەگەڵ کەسانێک قسە بکەینەوە کە لە دانوستاندن دا راستگۆ نین و ویستی باشیان نییە."
 
عێراقچی تێڕوانینێکی رەشبینانەی بۆ ئەنجامی جەنگەکە هەبوو و گوتی: "لەو جەنگەدا هیچ لایەک براوە نابێت." 
 
عێراقچی پێیوایە سەرکەوتنی ئێران لەوەدایە کە توانیویانە لەبەرامبەر "بەهێزترین سوپای جیهان" و ئیسرائیلدا خۆڕاگر بن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە