حکومەتی لوبنان تاوتوێی پلانی چەکداماڵینی حیزبوڵڵا دەکات

05-09-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی لوبنان بڕیارە ئەمڕۆ هەینی تاوتوێی پلانێکی سوپا بکات بۆ چەکداماڵینی حیزبوڵڵا. بەڵام گرووپە پشتگیریکراوەکەی ئێران ئەو هەنگاوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت "حکومەت بە دەستی ئیسرائیل و ئەمریکا یاری دەکات."
 
حکومەتی لوبنان لە مانگی ئابدا، لە ژێر گوشاری زۆری ئەمریکا و لە ترسی هێرشەکانی ئیسرائیل،  فەرمانی بە سوپا کرد پلانێک بۆ چەکداماڵینی حیزبوڵڵا تاوەکو کۆتایی ساڵ دابنێت.
 
حیزبوڵڵا رۆژی چوارشەممە دووپاتی کردەوە کە دژی ئەم هەنگاوەیە و فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمان داوای لە دەسەڵاتدارانی لوبنان کرد کە لە "بڕیارە نانیشتمانییەکەیان پاشگەز ببنەوە."
 
حکومەت دەڵێت چەکداماڵینی حیزبوڵڵا بەشێکە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو بە نێوبژیوانی ئەمریکا، کە کۆتایی بە زیاتر لە ساڵێک لە پێکدادانەکانی نێوان گرووپەکە و ئیسرائیل هێنا.
 
دانیشتنەکەی ئەمڕۆ هەینی ئەنجوومەنی وەزیران لە کاتێکدایە کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان لە دوو رۆژی رابردوودا چڕتر بوونەتەوە، کە بەپێی وەزارەتی تەندروستی و ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی حکومی، لانیکەم پێنج کەسیان تێدا کوژراوە.
 
دەیڤد وود، شرۆڤەکارێکی باڵای کاروباری لوبنان لە گرووپی قەیرانەکانی نێودەوڵەتی، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "ئیسرائیل هەوڵدەدات پەیامێک بنێرێت کە چەکداماڵینەکە بە کردار بێت، نەک تەنیا بەڵێن و قسە."
 
وود پێیوایە ئەگەر ئەنجوومەنی وەزیران پلانەکە پەسند بکات، حیزبوڵڵا لەوانەیە بیر لە بژارەکانی دیکە بکاتەوە وەک "گوشارخستنە سەر وەزیرە شیعەکان بۆ دەستلەکارکێشانەوە لە حکومەت" یان "هەوڵدان بۆ رێکخستنی ناڕەزایەتی جەماوەری."
 
رۆژنامەی "ئەلئەخبار"، کە رۆژنامەیەکی لوبنانیی لایەنگری حیزبوڵڵایە، دەڵێت کە وەزیرانی حیزبوڵڵا و ئەمەل رەنگە رەتی بکەنەوە پلانی سوپا لە رۆژی هەینیدا تاوتوێ بکەن.
 
لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، نەبیهـ بەڕی، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی بزووتنەوەی ئەمەل کە هاوهەڵوێستی حیزبوڵڵایە، رۆژی یەکشەممە داوای دیالۆگێکی ئارامی کرد.
 
لە کۆتایی مانگی ئابدا، نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، رایگەیاند: "رێگەی کۆنتڕۆڵکردنی چەک، فراوانکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و کۆنتڕۆڵکردنی بڕیارەکان لەسەر جەنگ و ئاشتی، رێگەیەکە دەستیپێکردووە و گەڕانەوەی نییە."
 
حیزبوڵڵا پێش هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەری، هەژموونی بەهێزی بەسەر دەسەڵات و بڕیارەکانی حکومەتی لوبنانەوە هەبوو، بەڵام ئیسرائیل گورزی کوشندەی تێسرەواند، بە تایبەتی لە کوشتنی سەرکردەکانی، لەوانەش حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری پێشووی گرووپە چەکدارییەکە.
 
نەعیم قاسم، سەرکردەی گروپوەکە، حکومەتی لوبنانی بەوە تاوانبار کرد کە بە چەکداماڵینی حیزبوڵڵا، وڵاتەکە رادەستی ئیسرائیل دەکات.
 
قاسم هەروەها گوتی کە حیزبوڵڵا و ئەمەل بانگەوازی پێشوویان بۆ ناڕەزایەتی دواخستووە بۆ رەخساندنی بواری گفتوگۆ و "بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری پێش ئەوەی بگەینە رووبەڕووبوونەوەیەک کە کەس نایەوێت." بەڵام، نەیشاردەوە: "ئەگەر بەسەرماندا بسەپێنرێت، رووبەڕووی دەبینەوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە