رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە، ئەو دانیشتووانانەی غەززە کە ئارەزووی جێهێشتنی کەرتەکە دەکەن، رێگەی چوونە دەرەوەیان پێبدەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی شوباتی 2025، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند کە فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل کردووە "هەر دانیشتوویەکی غەززە کە ئارەزووی جێهێشتنی کەرتەکە دەکات و هەر وڵاتێکیش ئامادەیە وەریانبگرێت، رێگەیان پێبدەن."
بەگوتەی وەزیرەکە، چوونە دەرەوەی خەڵکی کەرتەکە لە رێگەی سنوورە وشکانییەکانەوە دەبێت. هەروەها هەوڵیش دەدەن"رەخساندنیان بۆ بکەن تاوەکو لە رێگەی ئاوی و ئاسمانییەوە بتوانن کەرتەکە بەجێبهێڵن."
فەرمانەکەی کاتز دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خواستی خۆی بۆ "دەستبەسەرداگرتن و چۆڵکردنی" غەززە ئاشکرا کرد.
قسەکەی ترەمپ کاردانەوە و ناڕەزایی زۆری دانیشتووانی کەرتەکە، وڵاتانی عەرەبی، ئیسلامی و تەنانەت هاوپەیمانانی ئەمریکا و ئیسرائیلیشی بەدوای خۆیدا هێنا.
حەماس، قسەکانی ترەمپی بە "گاڵتەجاڕانە و هۆکارێک بۆ گڕتێبەردانی ناوچەکە" ناوبرد. هەروەها ئوردن و میسر، کە ترەمپ بە دوو وڵاتی سەرەکی ناوی بردوون بۆ وەرگرتنی دانیشتووانی غەززە، زوو داواکەی ترەمپیان رەتکردەوە.
ئەنتۆنیۆ گوتیرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەسەر قسەکانی ترەمپ هۆشداری دا و گوتی، دوای داواکەی ترەمپ لەبارەی چۆڵکردنی غەززە، "گرنگە خۆمان لە هەموو جۆرێکی پاکتاویی نەتەوەیی بە دوور بگرین."
لە بەرامبەردا، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پشتگیری لە قسەکانی ترەمپ کرد و گوتی: "ئەمە یەکەم بیرۆکەی باشە گوێبیستی ببم، بیرۆکەیەکی گرنگە و دەبێت جیبەجێ بکرێت."
دۆخی غەززە لەدوای ئاگربەست
دوای زیاتر لە 15 مانگ لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی، کوشتارێکی زۆر، برسییەتی خەڵکی غەززە و ئاوارەبوونی نزیکەی تەواوی 2.3 ملیۆن دانیشتووانەکەی کەرتەکە، رۆژی 19-01-2025 ئاگربەست چووە واری جێبەجێکردنەوە.
تاوەکو ئێستا 18 بارمتە بەرامبەر بە نزیکەی 600 زیندانی فەلەستینی ئاڵوگۆڕکراون.
لە رووی مرۆییشەوە، ئاگربەستەکە رێگەی بە چوونە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان لە باشوور بۆ باکووری کەرتەکە داوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، تۆم فلێچەر، هاوئاهەنگیکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە ئێکس رایگەیاند: "لە ماوەی دوو هەفتەی ئاگربەستەکەدا، زیاتر لە 10 هەزار بارهەڵگر لە یارمەتیی مرۆیی چوونەتە نێو کەرتی غەززە."
بەگوێرەی ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان، یارمەتییەکان لە دەرمان، خۆراک و خێوەت پێکهاتوون.
ئاگربەستەکەی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بۆ ماوەی شەش هەفتەیە و بڕیارە دوای کۆتاییهاتنی ئەم قۆناخە، کار بۆ بەهەمیشەییکردنی ئاگربەستەکە بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ