رووداو دیجیتاڵ
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکەکانی هێزی دەریایی سوپاکەیان لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا بە درۆن و مووشەکی بالیستی بنکەی "ئەلعودەیری"یان لە کوێت کردووەتە ئامانج کە شوێنی جێگیربوونی هێلیکۆپتەرەکانی سوپای ئەمریکایە.
بە گوێرەی راگەیێنراوەکەی سوپای پاسداران، لەو هێرشەدا یەکەکانی مووشەکی بالیستیی هێزی دەریایی "بە وردی ناوەندەکانی ئامادەکردن و چاککردنەوەی هێلیکۆپتەرەکان، کۆگاکانی سووتەمەنیی فڕۆکە و هێلیکۆپتەر و باڵەخانەی فەرماندەیی" ئەو بنکەیەیان پێکاوە و زیانی زۆریان پێگەیاندوون.
سوپای پاسداران ئاماژە بەوەش دەکات، دوای هێرشە مووشەکییەکە "ئاگرێکی گەورە" لەنێو بنکە سەربازییەکەدا کەوتووەتەوە و دەڵێت: "دووکەڵێکی زۆر و ڕەش لە بنکەکە بەرزبووەتەوە کە لە دوورەوە دەبینرێت."
هاوکات هەر بەگوێرەی سوپای پاسداران: یەکەکانی مووشەکیی هێزی زەمینیی سوپا، بنکەی عەریف جۆنی سوپای ئەمریکایان لە کوێت بە مووشەکی خاڵپێک پێکاوە.
ئەم هێرشەی سوپای پاسداران لە چوارچێوەی گرژییە سەربازییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئەمریکا-ئیسرائیلدایە لە ناوچەکە، تاوەکو ئێستاش لایەنی ئەمریکی بە فەرمی قەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانی ئەو هێرشەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ