سوپای پاسداران: 200 بنکەی ئەمریکا و ئیسرائیلمان بە مووشەک کردوونەتە ئامانج

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەدلین قاسم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیێنێت، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی توانیویانە سەرجەم هاوکێشە و پلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تێکبشکێنن، زیاتر لە 200 بنکە و بەرژەوەندیی ئەو دوو وڵاتەش لە ناوچەکەدا بکەنە ئامانج.
 
عەلی محەممەد نایینی، گوتەبێژی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، دووژمنانی وڵاتەکەی سێ هەڵەی ستراتیژییان کردبوو، کە بریتیبوون لە گریمانەی رووخانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی 48 کاژێر و دوای کوژرانی رێبەری باڵا، کۆتاییهاتنی شەڕەکە لە سێ رۆژدا و دروستبوونی هاوپەیمانییەکی ناوچەیی دژی ئێران، بەڵام هەموو ئەمانە رووبەڕووی شکستێکی مێژوویی بوونەتەوە، ئێرانیش بە یەکگرتوویی لە بەرامبەریاندا وەستاوەتەوە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتەبێژی سوپای پاسداران، سەرەخۆشیی خۆی بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەی و فەرماندە باڵاکانی هێزە چەکدارەکان دەربڕی و رایگەیاند، سەرەڕای ئەو شۆکە سەرەتاییەی لە شەڕەکەدا دروست بوو، بەڵام بە خێرایی دۆخەکە کۆنترۆڵکرا و ئەنجوومەنی کاتیی رێبەری پێکهێندراوە بۆ دەرکردنی فەرمانە سەربازییەکان.
 
گوتەبێژی سوپای پاسداران دەڵێت، لە ماوەی هەفتەی یەکەمی شەڕەکەدا، نزیکەی 600 ئۆپەراسیۆنی مووشەکی بالیستی و کرووز و زیاتر لە 2600 ئۆپەراسیۆنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دژی ئامانجەکانی دووژمن ئەنجام دراون.
 
بە گوتەی گوتەبێژی سوپای پاسداران، مەیدانی ئەم شەڕە نزیکەی دوو ملیۆن و نیو کیلۆمەتر چوارگۆشە دەگرێتەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 مووشەکی بالیستی و 2000 درۆن ئاراستەی ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کراون، کە 60%ی ئەو هێرشانە بنکەکانی ئەمریکای لە ناوچەکە کردوونەتە ئامانج. هەروەها لە ناوخۆی ئیسرائیل دا وەزارەتی بەرگری، فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان و بەندەری حەیفا چەندین جار کراونەتە ئامانج و زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.
 
سوپای پاسداران: 27ەمین شەپۆلی هێرشەکانمان دەستپێکردووە
 
سوپای پاسدارانی ئێران وردەکاریی 27ـەمین شەپۆلی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە "بەڵێنی راستی 4"ی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کە ئەم هێرشە بە شێوەیەکی تێکەڵاو لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە دژی ئامانجە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراوە.
 
بەپێی راگەیەندراوەکە، لەم ئۆپەراسیۆنەدا هێزە ئاسمانییەکانی سوپای پاسداران بە بەکارهێنانی نەوەی نوێی مووشەکی "خەیبەرشکن" چەندین بنکەی سەربازیی ئیسرائیلییان لە شاری حەیفا کردووەتە ئامانج.
 
سوپای پاسداران دەشڵێت، هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانە هێزی دەریایی سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی خاکی ئێران ئەنجامداوە، تێیدا یەکەی فەرماندەیی بەلەمی بێسەرنشینی گەلەری پێنجەمی ئەمریکا و کۆگا گەورەکانی پشتیوانی سەربازیی ئەو وڵاتەی لە بەندەری سەلمان کردووەتە ئامانج.
 
لە بەیانیی رۆژی شەممە 28ی شوباتەوە هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
 
هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش بەتایبەتی سوپای پاسداران چەندین هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرزبوونەوەی دووکەڵ ریازی پایتەختی سعودیە دوای بەئامانجگیرانی ناوچەیەکی. وێنە: REUTERS

وردەکاریی هێرشەکانی 24 کاژێری رابردووی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە

لەگەڵ پێنانە ناو دووەم هەفتەی جەنگی فراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران کە لە 28ی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکردووە، رۆژی شەممە 7ی ئاداری 2026 تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە شەپۆلێکی گەورە و فراوانی هێرشی مووشەکی و درۆنی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران و ئەو گرووپانەی خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن، کرایە سەر هەرێمی کوردستان، وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل. هێرشەکان قوربانیی سڤیل و سەربازییان لە هەولێر، سلێمانی، کوێت و ئیمارات لێکەوتووەتەوە