رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان توانیویەتی بەرپەرچی هێرشی بەرفراوانی مووشەکی و درۆنیی ئێران بداتەوە و زۆربەیان لە ئاسماندا تێکبشکێنێت.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ئاماری گشتیی هێرشەکانی ئێرانی لە سەرەتای دەستپێکردنی گرژییەکانەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "تائێستا 221 مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیمارات کراون، کە 205یان تێکشێندراون. هەروەها لە کۆی 1305 درۆنی ئێرانی، 1229یان لەلایەن بەرگریی ئاسمانییەوە خراونەتە خوارەوە، جگە لە تێکشکاندنی 8 مووشەکی کروز."
سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، بەرپرسانی ئیمارات ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەهۆی ئەم هێرشانەوە 3 کەس (کە هاووڵاتیی پاکستان، نیپاڵ و بەنگلادیش بوون) گیانیان لەدەستداوە. هەروەها 112 کەسی دیکە برینداربوون کە برینەکانیان سووکە؛ بریندارەکان لە نەتەوە جیاوازەکانی وەک ئیماراتی، میسری، هیندی، ئێرانی، تورکی و چەندین وڵاتی دیکەی ناوچەکەن.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات جەختی لە ئامادەیی تەواوی هێزەکانی کردووەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک و رایگەیاندووە، "بۆ پاراستنی سەروەریی خاک و ئاسایشی نیشتمانیی میرنشینەکان، وەڵامێکی یەکلاکەرەوەمان بۆ هەر هەوڵێکی تێکدەرانە دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ