رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی لوبنان هۆشداری لە تەشەنەکردنی "کارەساتێکی مرۆیی نزیک" لە وڵاتەکەی دەدات و دەڵێت، لوبنان راکێشراوەتە ناو جەنگێکی وێرانکەر کە خۆی هەڵینەبژاردووە.
نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، رۆژی هەینی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ باڵیۆزانی وڵاتان رایگەیاند، بەهۆی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ و هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل، لوبنان رووبەڕووی دۆخێکی مرۆیی و سیاسی بێوێنە بووەتەوە. گوتیشی: "ئەوانەی ناچار کراون ماڵەکانیان جێبهێڵن، بەرپرسیار نین لەم مەینەتییە، ئەوان قوربانی جەنگی ئیسرائیلن."
بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان و حکومەتی ئەو وڵاتە، لە رۆژی دووشەممەوە تاوەکو ئێستا 123 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون، تەنیا لە هێرشێکی رۆژی هەینیدا بۆ سەر باڵەخانەیەک لە شاری سەیدا، 5 کەس کوژران و 7ی دیکەش بریندار بوون.
زیاتر لە 95 هەزار کەس لە پەناگە فەرمییەکان نیشتەجێ کراون، لە کاتێکدا مەزەندە دەکرێت لەنێوان 600 بۆ 800 هەزار کەس لە گەڕەکەکانی باشووری بەیرووت ئاوارە بووبن.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، تەنیا لە چوار رۆژی رابردوودا، 26 شەپۆلی هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر گەڕەکەکانی باشووری بەیرووت. هاوکات فەرماندەی سوپای ئیسرائیل فەرمانی بە هێزەکانی داوە کۆنترۆڵی خۆیان لە ناو خاکی باشووری لوبنان فراوانتر بکەن.
گرژییەکانی لوبنان دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی دووشەممە حیزبوڵڵا وەک "تۆڵەی کوشتنی عەلی خامنەیی" مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. لە بەرامبەردا، حکومەتی لوبنان چالاکییە سەربازییەکانی حیزبوڵڵای قەدەخە کرد، بەڵام ئیسرائیل هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکانی بۆ سەر باشوور و رۆژهەڵاتی لوبنان بەردەوامە.
لە لایەکی دیکەوە، حیزبوڵڵا بانگەشەی ئەوە دەکات لە شارۆچکەی خیام بەرپەرچی پێشڕەوییەکانی سوپای ئیسرائیلیان داوەتەوە و ناچاریان کردوون پاشەکشە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ