لە دووشەممەوە تەنیا 9 کەشتیی بازرگانی لە گەرووی هورمز تێپەڕیون

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی (MarineTraffic)، تایبەت بە جووڵەی دەریایی، لە رۆژی دووشەممەوە تاوەکو ئێستا، تەنیا نۆ کەشتیی نەوتهەڵگر و بارهەڵگر توانیویانە لە گەرووی هورمز تێپەڕن. ئەم دابەزینە نیشانەی پەککەوتنی یەکێک لە گرنگترین رێڕۆ ئاوییەکانی جیهانە بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران.
 
گەرووی هورمز کە نزیكەی 20٪ـی نەوتی خاو و 20٪ـی گازی سروشتیی جیهانی (LNG) پێدا تێدەپەڕێت، ئێستا وەک ناوچەیەکی جەنگیی مەترسیدار دەبینرێت. 
 
لە رۆژی یەکشەممەوە هێرشەکان بۆ سەر کەشتییەکان چڕ بوونەتەوە، وەک کەشتیی (Safeen Prestige) کە رۆژی سێشەممە لە کاتی گەشتکردن بەرەو رۆژهەڵات، بە مووشەک پێکرا.
 
بەهۆی مەترسیی هێرشەکانەوە، زۆربەی ئەو کەشتییانەی دەوێرن بە ناو گەرووەکەدا بڕۆن، سیستمی ئاگادارکردنەوەی ئۆتۆماتیکی (AIS) دەکوژێننەوە تاوەکو شوێنەکەیان ئاشکرا نەبێت. مات وایت، شڕۆڤەکار لە کۆمپانیای (Kpler) دەڵێ: "هەندێک کەشتیی نەوتهەڵگر هێشتا بە نهێنی هاتووچۆ دەکەن، بەڵام بەبێ ئاماژەی راداری."
 
بۆ نموونە، کەشتیی (Kavomaleas) رۆژی 3ی ئادار تەنیا یەک ئاماژەی ناردووە و دوای 14 کاژێر لە ناو کەنداو دەرکەوتووەتەوە. هەروەها کەشتیی (Danuta I) کە هەڵگری گازە و لە ژێر سزاکانی ئەمریکادایە، بەرەبەیانی رۆژی هەینی بە گەرووەکەدا تێپەڕیوە.
 
سەرەڕای پەککەوتنی جووڵەی بازرگانی، ئەبولفەزل شکارچی، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند: "ئێمە جەخت لەسەر ئاسایشی گەرووی هورمز دەکەینەوە و کۆنتڕۆڵی دەکەین، بەڵام دایناخەین."
 
ئەم دۆخە ناڕوون و مەترسیدارە بازاڕەکانی وزەی جیهانی تووشی شۆک کردووە و پسپۆڕان هۆشداری دەدەن، کە بەردەوامبوونی ئەم پەککەوتنە، کاریگەریی وێرانکەری لەسەر ئابووریی جیهان دەبێت.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە