سوپای ئیسرائیل: ئەمجارە فەرمانگەکانی حکومەت لە تاران دەکەینە ئامانج

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دەستی بە وەشاندنی شەپۆلێکی هێرشی بەرفراوان بۆ سەر چەندین ئامانجی جیاواز لە ناو شاری تاران کردووە. هاوکات تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران هەواڵی بیستنی دەنگی تەقینەوەی لە بەشی رۆژئاوای پایتەختەکە پشتڕاستکردەوە.
 
بەرەبەیانی رۆژی شەممە 07-03-2026، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەم شەپۆلە نوێیەی بۆردومانەکان "ئامانجە حکومییەکان" لە ناو جەرگەی پایتەختی ئێران دەگرێتەوە. ئەم هێرشە نوێیەی ئیسرائیل کەمێک دوای ئەوە هات کە سوپای ئەو وڵاتە رایگەیاندبوو، گورزەیەکی نوێی مووشەکی بالیستی لە لایەن ئێرانەوە بەرەو ئیسرائیل هاوێژراون.
 
پێش دەستپێکردنی هێرشەکەی سەر تاران، دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز لە شاری تەلئەڤیڤ بیسترا، کە بەپێی سەرچاوە ئەمنییەکان بەهۆی بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنی مووشەکە ئێرانییەکان بووە لە لایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە. دەزگەی فریاکەوتی ئیسرائیل (ماگن دەیڤد ئادۆم) رایگەیاند، لەم هێرشانەدا هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.
 
دوای تەواوبوونی شەپۆلە مووشەکییەکەی ئێران، سوپای ئیسرائیل راگەیێندراوێکی نوێی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، چیدی مەترسییەکی دەستبەجێ لە ئارادانییە و هاووڵاتیان دەتوانن لە هەموو ناوچەکانی وڵاتدا لە پەناگەکان و شوێنە پارێزراوەکان بێنە دەرەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە