نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی رەئیسی دەکات بۆ ئەوەی سەردانی هەولێر بکات

06-05-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نێچیرڤان بارزانی بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆککۆماری ئێران دەکات بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات. 
 
سەنگەر عەبدولرەحمان ،نێردراوی رووداو بۆ تاران دەڵێت، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی عێراق بکات و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بانگهێشتی کردووە بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی ئایاری 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تاران لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە. 
 
لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، رەئیسی رایگەیاند: ''ئێران هیچ بەربەستێکی بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوورییەکان و پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نییە."
 
بە گوێرەی ئاژانسی فەرمیی ئێران (ئیسنا)، رەئیسی بە نێچیرڤان بارزانی گوتووە: "هیوادارم سەردانەکەت ببێتە هۆکارێک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی نێوانمان.'' 
 
هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، نزیکەی 650 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە. حەوت دەروازەی سنووریی لەنێوانیاندا هەیە و قەبارەی بازرگانییەکەی بە ترانزێتەوە زیاتر لە حەوت ملیار دۆلارە لە ساڵێکدا. 
 
لەو بارەیەوە، رەئیسی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ''سنوورە درێژەکانی نێوان هەردوولا بە دەرفەتێکی بە نرخ دەزانین بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی پەیوەندییەکان، بەڵام ئەمن و ئاسایش پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ هەر جۆرە هاوکاری و پێکەوە کارکردنێک.''
 
سەرۆککۆماری ئێران پێیوایە ''عێراقێکی بەهێز لە چوارچێوەیەکی یەکگرتوودا پێکدێت و ئێمە هەموو کات پاڵپشتی لە یەکگرتوویی عێراق دەکەین. پاڵپشتیی ئێران بۆ کورد لە رۆژە سەختەکاندا، ئەوە دەسەلمێنێت کە هەموو کات پاڵپشت و دۆستێکی گەورەیە بۆ عێراق و کوردستان''.
 
رۆژی 19ی ئاداری 2023 عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد و یەکێک لە خاڵەکانی تایبەت بوو بە دوورخستنەوەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
ئیبراهیم رەئیسی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە گرنگیی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: ''ئێمە متمانەمان بە نیازپاکی و دۆستایەتی برا عێراقی و کوردەکانمان هەیە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی رق و کینەی دوژمنان لە نێویاندا رژێمی زایۆنی، لە دژی نەتەوەی ئێران، چاوەڕوانین حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تەواوی رێگری لە هەر جۆرە خراپ بەکارهێنانێکی خاکەکەیان لە دژی ئێران بکەن."
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە