نەتەنیاهوو: ئیسرائیل ئەو هۆزانەی غەززە پڕ چەک دەکات کە دژی حەماسن

06-06-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەو راپۆرتانەی پشتڕاستکردەوە کە وڵاتەکەی ئەو هۆزانەی غەززە پڕچەک دەکات کە دژی بزووتنەوەی حەماسن.
 
رۆژی پێنجشەممە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، ئەو راپۆرتانەی پشتڕاست کردەوە کە ئاماژە بەوە دەکەن، سەرۆکوەزیران رێگەی داوە چەک بدرێت بەو هۆزانەی نێو کەرتی غەززە و بەتایبەت لە باشووری غەززە کە دژی بزووتنەوەی حەماسن. ئەمەش لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیلی تووڕە کردووە و رایانگەیاندووە، نەتەنیاهوو بەو کارەی ئاسایشی ئیسرائیلی دەخاتە مەترسییەوە. 
 
نەتەنیاهوو لە پەیامێکی ڤیدیۆیی کورتدا کە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لەسەر ئەو بڕیارە دەڵێت "کێشە لەمەدا چییە؟ ئەمە تەنیا ژیانی سەربازە ئیسرائیلییەکان دەپارێزێت." دەشڵێت، "بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە تەنیا یارمەتیی حەماس دەدات." 
 
ئەو پەیامەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوای ئەو راپۆرتانەی میدیای ئیسرائیل هات کە بڵاویانکردبووەوە، سوپای ئیسرائیل لەژێر فەرمانی نەتەنیاهوو دا، چەکی داوەتە هۆزێک لە غەززە کە لەلایەن کەسێکی فەلەستینی بە ناوی "یاسر ئەبو شەباب" سەرکردایەتی دەکرێت.
 
ئەو هۆز یان گرووپە کە هەندێک وەک میلیشیایەک یان باندێکی تاوانکاریی تەماشایان دەکەن، خۆی وەک هێزێکی دژ بە حەماس لە غەززە ناساندووە.
 
ئەو گرووپە دەڵێت: ئامانجیان پاراستنی ئەو بارهەڵگرانەیە کە هاوکاری دەگەیێننە ناو غەززە، بەڵام رەخنەگرانی ئەو گرووپە دەڵێن، چەکدارانی ئەو هۆزە تەواو پێچەوانەی ئەم کارە دەکەن کە بانگهێشتی بۆ دەکات و هاوکارییەکان تاڵان دەکات.
 
سەرچاوەکانی بەرگریی ئیسرائیل پێشتر بۆ رۆژنامەڤانانی ئیسرائیلیان پشتڕاستکردبووەوە کە ئەو تۆمەتانەی لەلایەن سیاسەتڤانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیلییەوە، ئەڤیگدۆر لیبەرمانەوە ئاراستەی نەتەنیاهوو کرابوون، راستن.
 
لیبەرمان، کە سەرۆکایەتیی پارتی "یسرائیل بەیتەینو" دەکات، بە میدیای ئیسرائیلی راگەیاندووە، نەتەنیاهوو تاکلایەنە رەزامەندی لەسەر پڕ چەککردنی بۆ هۆزەکەی ئەبو شەباب داوە.
 
لیبەرمان دەڵێت "حکومەتی ئیسرائیل چەک دەداتە گرووپێک کە تاوانبار و خراپەکاران، پەیوەندییان بە گرووپی داعشەوە هەیە و بەپێی زانیارییەکانی من، ئەمە بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران نەبووە." 
 
دواتر میدیای ئیسرائیلی لە زاری چەند بەرپرسێکی سوپای ئەو وڵاتەوە، ئەو تۆمەتانەیان پشتڕاست کردووە و بڵاویانکردەوە "ئیسرائیل هۆزی ئەبو شەبابی بە چەکی جۆری کڵاشینکۆڤ پڕچەک کردووە." و هەندێک لەو چەکانەشیان داونەتێ کە لای حەماس بووە و دەستیان بەسەردا گیراوە.
 
هۆزەکە لە ناوچەی رەفەحی باشووری ئیسرائیل چالاک بوون کە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای ئیسرائیلدا بووە.
 
بەڵام، یاسر ئەبو شەباب لە پۆستێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەتیکردەوە گرووپەکەیان لەلایەن ئیسرائیلەوە پڕ چەک کرابێت و نووسیوویەتی "چەکەکانی ئێمە سادە و کۆنن و لە رێگەی پشتیوانیی خەڵکی خۆمانەوە دەستمانکەوتووە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە