حووسییەکان بە مووشەکی بالیستی چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل دەکەنە ئامانج

06-07-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حووسییەکانی یەمەن چەند مووشەکێکی بالیستییان ئاراستەی چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل کرد، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سەرجەم مووشەکەکانیان لە رێگەی سیستمی بەرگرییەوە تێکشاندوون.
 
رۆژی یەکشەممە 6ـی تەممووزی 2025، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، چەند مووشەکێکی بالیستی لە یەمەنەوە بەرەو چەند ناوچەیەکی نزیک دەریای سوور و بیابانی خەلیل هاوێژراون، پێش گەیشتنی مووشەکەکان، زەنگی ئاگادارکردنەوەیان لێداوە، دواتریش سەرجەم مووشەکەکانیان لە رێگەی سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە تێکشکاندوون. 
 
سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتووانی نزیک ئەو ناوچانەی مووشەکانیان ئاراستە کراوە کرد، پابەندی رێنماییەکانی سەلامەتی بن، لە حەشارگەکان نەیەنە دەرەوە تاوەکو سوپا رێنمایی نوێ دەردەکات.
 
لەسەرەتای جەنگی غەززەوە، حووسییەکان سەتان هێرشی مووشەکی و درۆنییان کردووەتە سەر ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکانی نێو دەریای سوور.
 
هەرچەندە زۆربەی مووشەکەکان لە رێگەی سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە تێکشکێندراون یان پێش گەیشتنیان بە ئامانجەکانیان پووچەڵکراونەتەوە، بەڵام ئیسرائیل بە زنجیرەیەک هێرشی فراوانی ئاسمانی وەڵامی ئەو هێرشانەی حووسییەکانی داوەتەوە. 
 
ئەمریکاش لە چەند مانگی رابردوودا، چەندین پێگە و کۆگەی حووسییەکانی لە یەمەن کردووەتە ئامانج و زیانێکی گەورەی پێگەیاندوون. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە