لە ئەنجوومەنی ئاسایش ئیسرائیل و فەلەستین یەکدی بە برسیکردن تۆمەتبار دەکەن

06-08-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیسرائیل و فەلەستین رووبەڕووی یەکدی بوونەوە، هەردووکیان یەکدییان بە پەنابردن بۆ برسیکردن وەک چەکێک تۆمەتبار کرد.
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەوی رابردوو کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، نوێنەرانی ئیسرائیل و فەڵەستین تۆمەتی تووندیان ئاڵوگۆڕ کرد، هەریەکەیان ئەوی دیکەی بە بەکارهێنانی برسیکردن وەک چەکی جەنگ تۆمەتبار کرد.
 
گیدعۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، حەماس "بە شێوەیەکی سادیستیانە" بارمتە ئیسرائیلییەکان برسی دەکات، لە کاتێکدا ئیسرائیل کارئاسانی بۆ گەیاندنی یارمەتیی "بێوێنە" بۆ غەززە دەکات.
 
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتی "حەماس بە شێوەیەکی سادیستیانە بارمتەکانمان برسی دەکات، لە کاتێکدا تیرۆریستان چێژ لە گۆشت و ماسی و سەوزە وەردەگرن."
 
لە بەرامبەردا باڵیۆزی فەڵەستین، ریاز مەنسوور داوای کۆتاییهێنان بە "جەنگی کۆمەڵکوژی و برسیکردن"ی ئیسرائیل دژی گەلی فەڵەستین کرد و جەختی لەسەر پێویستیی ئاگربەست کردەوە بۆ رزگارکردنی ژیانی خەڵک و گەیاندنی هاوکارییەکان. ئەم تۆمەتە پێچەوانانە قەیرانی مرۆیی قووڵی ناوچەکەیان خستەڕوو، کە هەردوولا یەکتر بە بەرپرسیار دەزانن.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: ئیسرائیل هاوکاریی دابەشکردنی یارمەتییەکان دەدات و وڵاتانی عەرەبی هاوکاریی دارایی دەکەن. گوتیشی واشنتۆن هەوڵ دەدات خۆراک بۆ دانیشتووانی غەززە دابین بکات.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سوورە لەسەر بڕیاری "داگیرکردنی تەواوەتیی کەرتی غەززە"، سەرەڕای دژایەتیی سوپای ئیسرائیل. بڕیارە سبەی پێنجشەممە ئەنجوومەنی وەزاریی بچووککراوە بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی پرسەکە یەکلایی بکاتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە