رووداو دیجیتاڵ
پیاوێکی ئازەربایجان ئەوەندە بەهێزە پێویستی بە چەکوش نییە و هەر بە دەست، بزمار بە تەختە دا دادەکوتێت، شیشی کۆنکریت دەشکێنێت، چوار بارهەڵگر بەیەکەوە رادەکێشێت و جاریش هەیە سێ فارگۆنی شەمەندەفەر پێکەوە رادەکێشێت. بەکورتییەکەی ئەوەی بە خەیاڵتدا دێت، ئەو بە کرداری دەیکات.
ئەو پیاوە بەهێزەی ئازەربایجان، ناوی ئەلمین مەهدییەڤە و چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی بۆ رووداو ناردوون.
لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت، "ئەمە بۆ برام، رێبوار عەلی لە رووداوەوە دەنێرم، پەنا بەخوا سەرکەوتوو دەبێت و ئەو، ئەم دیمەنە دەکاتە هەواڵ."
مەهدییەڤ تەمەنی 39 ساڵە و کێشی 145 کیلۆیە، لە باکوی پایتەختی ئازەربایجان دەژی. ئەوەی سەیرە بەو هەموو هێزەیەوە بێ کارە.
ئەو پیاوە بەبێ بەکارهێنانی هیچ دەرزی و دەرمانێک گەیشتووەتە ئەم ئاستە و دەڵێت، هێزەکەی ئاساییە و خواییە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خەڵکی زۆر چاودێریی ڤیدیۆکانی دەکەن. ئیدی مەهدییەڤ لە وڵاتەکەی و دەرەوەش دەناسرێت.
ئەو دەڵێت، ئەگەر لە هەرێمی کوردستان پێشبڕکێ بکرێت، بەخۆشحاڵییەوە ئامادەیە بەشداری بکات.
ئەلمین مەهدییەڤ کە زۆر جار ئۆتۆمبیلی راکێشاوە دەڵێت، داوایکردووە چوار فڕۆکە و کەشتییەکی بۆ دابین بکەن تاوەکو لە نمایشێکدا بە جیا رایانبکێشێت.
هەروەک خۆی دەڵێت، هێشتا ئەو داواکارییەیان بۆ جێبەجێ نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ